سەرکەوتنی خێرا:

ڕاستەوخۆ بازدان بۆ ناواخن (Alt 1) ڕاستەوخۆ بازدان بۆ ناڤیگێیشن (ڕێبەر) (Alt 2)

"دەبێت لە خولیای یەکتریدا بین" -وتەی لاریسا بێندەر لەسەر گەشتی دوورودرێژی وەرگێڕان لە عەرەبیەوە بۆ ئەڵمانی

Larissa Bender bei Ihrem Vortrag auf der internationalen Buchmesse in Basra Khaled Tawfik © Goethe-Institut Irak
لاریسا بێندەری وەرگێڕی چەندین ڕۆمانی عەرەبی لەسەر بانگهێشتی پەیمانگای گۆتەی عێراق لە پێشانگای نێوەدەوڵەتیی کتێبی بەسرە (٢٠ی ئۆکتۆبەر – ٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) وتارێک دەربارەی گەشتی درێژی وەرگێڕان لە عەرەبیەوە بۆ ئەڵمانی پشکی لە ئاڵۆگۆڕی کلتووریدا وەک وەرگێڕێک پێشکەش دەکات.

خودی وەرگێڕانەکە، واتا وەرگێڕانی تێکستەکان لە زمانی عەرەبیەوە و ئەو جیهانەی لەناو سیاقە کلتووریەکەدا خۆی مکوڕ کردووە – جا چ عێراقی بێت یا سووری یا میسڕی – و پاشان گەڕان بەدوای هاوواتاکەیدا لە زمانی ئەڵمانیدا، کە لەکۆتاییدا بەرهەمە ڕەسەنەکە شێوەیەکی تر وەردەگرێت  بە شێوەیەک کە نەک تەنها بۆ خوێنەران واتادار بێت بەڵکو لێشی تێبگەن، کارێکە خۆی لە خۆیدا هوونەرە. هەروەک چۆن لە هەموو کارێکی تری کلتووریدا، چەندین ماددە و بەندی هەمەجۆر هەن کە وەرگێڕ دەبێت لەگەڵیانا هەڵبکات گەر بیەوێت لەم هونەرەوە قووتی خۆی وەدەست خات.

زۆرێک لە وەرگێڕان بە شایەنێکی کەمی نزیک لە نانەزگێ دەژین. بە وتەی لاریسا: "ئێمەی وەرگێڕانی زمانی عەرەبی ناتوانین تەنها لەسەر کاری وەرگێڕان قووتمان دابین بکەین. لە کاتێکدا وەرگێڕانی هەندێ زمانی نزیک لە یەک وەک ئینگلیزی یا فەڕەنسی بۆ ئەڵمانی خێراترە و دەکرێت بکرێتە سەرچاوەی داهات، بەڵام ڕێگای عەرەبی ڕووەو ئەڵمانی ڕێگایەکی درێژە." وەرگێڕان لەلایەکی تریشەوە سەرپشک نین لەوەی چ پەرتووک و ڕۆمانێک هەڵدەبژێرن بۆ وەرگێڕان. توانای بڕیاردان لەدەستی سەرنووسەرانی دەزگاکانی چاپدایە کە بەهۆی نەبوونی توانستی زمانی عەرەبیەوە دەبێت پەنا ببەنە بەر وەرگێڕان و ئەمەشە دەکرێت سەربکێشێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان سەرنووسەران و وەرگێڕاندا. هەروەها لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی پەرتوووک گۆڕاوە. تیراژی کتێبەکان کەمتر بوونەتەوە. ئەمەش کاریگەریی لەسەر داواکاری و پێویستیی بە وەرگێڕان هەبووە. بۆیەش پێویستمان بە حەز و تاسەیەکی قووڵە بۆ کاری وەرگێڕان سەرباری سەرچاوەی داهات.

ئەمەش لای لاریسا بێندەر زۆر ئاشکرایە کە دەبینین زۆرتر ڕۆمان و ئەدەبیاتی خاوەن ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی-سیاسی وەردەگێڕێت. یەکەمین کتێبەکانی کارە ئاڵۆزەکانی نووسەری عێراقی-سعوودی عەبدوررەحمان مونیف لەخۆدەگرێت کە یەکێک لە کتێبەکانی بە ناوی "ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی" چیرۆکی زیندانیەکی سیاسی دەگێڕێتەوە. بێندەر لە باسی ئاوارەبوون و هەڵهاتنی خەڵکانێکی زۆردا لە وڵاتانی عەرەبزمانەوە بەرەو ئەڵمانیا دەڵێت: "ئەوە ئەدەبە کە تێماندەگەیەنێت چۆن ڕژێمەکان گیان و جەستەی هاووڵاتیان تێکدەشکێنن. تێماندەگەیەنێت بۆچی خەڵکی دەیانەوێت وڵاتی خۆیان جێبهێڵن و بۆچی دێن بۆ ئەڵمانیا. دەبێت لە خولیای یەکتریدا بین."

بەتایبەت بەهۆی زمانی هەواڵەکانی ئەڵمانیاوە، کە زۆربەی کات بەشێوەیەکی سەرزارەکی و ئەوروپا-سەنتەری باسی جەنگ و ئاوارەیی دەکات، وەرگێڕانی عەرەبی ڕۆڵێکی گرنگیان دەکەوێتە سەرشان و هەر لەم باسەشدا لاریسا بێندەر دەڵێت: "ئێمە وەک وەرگێڕ پشکمان هەیە لە ئاڵۆگۆڕی کلتوریدا."
  Larissa Bender bei Ihrem Vortrag auf der internationalen Buchmesse in Basra Khaled Tawfiq © Goethe-Institut Irak

باسی ئەوەش دەکات کە چۆن کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبزمان ژمارەیەک پەیامنێرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەم بوون و نووسینەکانیان لەدووتوێی کتێبدا لەچاپدا. لەوکاتەدا دەنگی بیرمەندان و چالاکوانان و نووسەرانی عەرەبزمان هیچ لە ئەڵمانیا نەدەبیسترا. ئەمەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە وای لێکرد بڕیار بدات پەرتووکی "چەند تێڕوانینێکی ناوخۆ لە سوریاوە" بڵاوبکاتەوە، تاکو هەل بە چەندین نووسەی عەرەبزمان بدات ڕای خۆیان لە ئەڵمانیا دەرببڕن.

هەرچەندە بێندەر لەم کۆتاییانەدا بەشێوەیەکی سەرەکی تەنها ڕۆمانی سووری وەرگێڕاوە، بەڵام بەرهەمی نووسەرە عێراقیەکانیشی وەرگێڕاوە. نموونەی ئەو کارانەش "دواهەمینی فریشتەکان"ی فاضل ئەلعەززاوی تێدایە کە خەڵکی کەرکوکە و لەبەرهەمەکانیدا باسی چەرمەسەریەکانی کۆمەڵگای عێراقی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەکات. یەکێکی تر لە پرۆژە وەرگێڕانەکانی ناو لیستە دوور و درێژەکەی بێندەر بریتیە لە "تاتۆی باڵندە"ی نووسەری عێراقی دونیا میخائیل، کە ئازار و مەینەتیەکانی ئەو ژنانە دەگێڕێتەوە کە لەلایەن داعشەوە فرۆشران. بێندەر پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ وەرگێڕانی پەرتووکە عێراقیەکان تاکو لێکۆڵینەوە لە وتە و زاراوە ناوچەییەکان بکات و لە سیاقی کلتووری زمانی عەرەبیی عێراقی تێبگات چونکە وەک دەزانن عەرەبی تەنها عەرەبی نیە. لە کاتێکدا بێندەر خۆی ساڵانێکی زۆر لە سوریا ژیاوە و توانیویەتی بە شێوەزاری سوری بە زمانی عەرەبی ویستەکانی دەرببڕێت، جیاوازیەکانی زمانی عەرەبی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێک لە نووسینیشدا دەردەکەوێت.

لاریسا بێندەر وەکو وەرگێڕێک تەنها گەشت بەناو وەرگێڕانی زمانەکاندا ناکات، بەڵکو توانیویەتی پەرە بە هەستەکانی بدات تاکو ئەو لایەنانە بدۆزێتەوە کە تیایاندا خەڵکی ئەڵمانیا زانیاریان دەربارەی کەسانی عەرەبزمان کەمە و چۆن گفتۆگۆکانی ئەڵمانیا پێشدەکەون و لەکوێشدا پێویستیی کلتووریی وەرگێڕان لە لوتکەدایە. هەربۆیەش بەرپەرچدانەوەی ناهاوسەنگیە کۆمەڵایەتیەکان بە ئەدەب و هۆنراوە بەشێکی جیانەبووەوەی کارەکانی لاریسا بێندەرە.