ئەدەب لە عێراقدا
نووسین بۆ ژیان

ئەمەل ئەلنوسەیری لە پێشانگەی کتێبی فرانکفۆرت
Christopher Resch

لەم رۆژانەش عێراق، ئەو سەنتەرە هەرە دێرینەی کەلتوورێکی دەوڵەمەند و باڵا، بەرەو ئەوە تەکان دەدا، جارێکی تر بکەوێتە بەر تیشکۆی نیگاکان:
بەرەیەکی سەربازی عێراقی لە هەوڵی ئەوە دایە، کە موسل لە ژێر کۆنترۆلەی دەعش دەربهێنێت.  جارێکی تر  ئازار و  جەنگ وێنەکە دادەڕێژن و ئەو وێنەیە دەگاتەوە ڕۆژئاوا.  "بەڵام ژیانە ڕاستەقینەکە، کەوتۆتە لایێکی دوورە دەستی ئەو وێنەیە." وەک خانمە ئەمەل ئیبراهیم ئەلنوسەیری شاعیر باسی لێوە دەکات.  ئەو ژیانەی کە لەناو ماڵەکان و باخچەکان و خوێندنەوەکانی ئەدەبدا بەڕێوەدەچێت.
 
خوێندنەوە لە بەغدا، لە باخچە گەشاوەکان؟ لەوانەیە ئەمە لە دیدی ئەوروپاییەکان شتێکی یەگجار نائاسایی بێت. بەڵام بێگومان و بەڕاستی عێراق وڵاتێکی گەشەسەندووە، هەرچی مێدیا رۆژئاواییەکانە، زۆر بە ئاسانی تەنها وێنەی جەنگ و تەنگژەکان دەخەنە بەرچاوان. ئەوەش ئاراستەی نیگاکان دەگۆڕیت و ڕێگە نادات ئەو وێنانەش ببینن،  کە لە عێراقدا خەڵکی وا هەن دەژین، خۆشەویستی دەکەن و ئازار دەکێشن،  دەخەون و دەخۆن و هەروەها بێگومانیش هی وا هەن: دەنووسن.
ئەمەل ئەلنوسەیری یەکێکی لەو خانمە نووسەرە عێراقییانە.
پێکەوە لەگەڵ خانمە لەیلا چەممەی وەرگێڕ، خانمە نووسەر ئوللا لێنتزە و  خانمە ئەدەبیاتکار کلاودیا کراماچێک لە پێشانگەی کتێب لە فرانکفورت، لەو بارە دانوستاندنیان کرد، کە نووسین لە عێراقدا مانای چی دەدات، هەروەها لە بارەی بایەخ و رۆلی ئالوگۆڕی نێوکەلتووری و رۆلی چالاکی ژنان لە هونەر و سیاسەت.
پەیمانگەی گوێتە لەگەڵ دەروازە ئەلکترۆنییە ئەدەبییەکی (litrix.de)  کە تا ساڵی ٢٠١٧ چەقی قورسایی کارەکانی خستبووە ناو جیهانی عەرەبی، بەم چالاکییە هەڵسان.

مەکینەیەکی چاپی کۆن جارێکی تر دەکەوێتەوە کار

لە نێوانی چەندین مێوانی بەشداربوو کەسێکی خۆیی سەرەکی دانیشتبوو: بیرگیت سڤێنسۆن. سڤێنسۆن ساڵانێکی زۆرە تاکە خانمی رۆژنامەنووسە بە زمانی ئەلمانی، کە لە شاری بەسرەدا دەژیت و کار دەکات. هەر کەسێک بە سیرکی مێدیایی ئاشنا بێت، دەزانیت، کە بەڕێوەبەرە مێدیاییە ئەلمانییەکان لە بارەی پرسە تەنگژەدارەکان بەر لە هەموو کەس ڕوو لەم خاتوونە دەکەن.
ئەوە  بۆ خانمە  سڤینسۆن بەس نەبوو کە پێکەوە لەگەڵ خانمە  ئەمەل ئیبراهیم ئەلنوسەیری و  چەند خانمە شاعیرێکی تر لە ساڵی ٢٠١٣ کۆکراوەیەکی شیعری بە ناوی "لەگەڵ چاوەکانی ئینانا" لە کتێبێکدا بە زمانی عەرەبی ئامادە بکات، بەڵکوو لە باشووری بەسرە هەڵسا بە چاپکردنی ئەو کتێبە  بە مەکینەیەکی چاپی کۆنی ئەلمانی.  لە بارێکدا کە چاپکردنی کتێب لە عێراقدا تا بڵێی دەگمەنە.
لەم دواییەدا ئەو کتێبە بە زمانی ئەلمانی و فەرەنیش بڵاوکرایەوە.
 
بەسرە، "شاری ڤێنیسای رۆژهەڵات"ی جاران بوو، بەڵام ئەمڕۆ زۆر پارێزگارترە لە شاری بەغدا. ئەو شارە لە ساڵی ٢٠١٥ بە دواوە بووەتە شوێنگەی زنجیرە وۆرکشۆپێکی سڤینسۆن بۆ  ژنانی نووسەری عێراقیی. "لە شاری بەسرەدا زۆر بەربەست هەن، بۆ نموونە ژنان ناتوانن شەوان بەڕێگەوە بەتەنها بڕۆن" وەک  ئەمەل ئەلنوسەیری باسی لێوە دەکات. ""بۆیەش لە وۆرکشۆپی یەکەمدا ژمارەی ژنە بەشداربووەکان کەم بوو."
بەڵام  زوو خۆیان  ئاوەڵا کرد،  چالاکانە بەشداری دانوستاندنەکان بوون، وزە و هێزیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا، گرووپەیەکی فێسبووکیان دامەزراند، بۆ ئەوەی بەردەوام ئالۆگۆڕ لەگەڵ یەکتریدا بکەن. ئوللا لێنتزەش لە یەکێک لە وۆرکشۆپەکاندا بەشدار بوو:
" هەر چەندە لە عێراقدا پیاوان زۆر سالار و یەکانەن، بەڵام ژنان لە بەسرەدا زۆر ئازا و باوەڕبەخۆ بوون. چونکە لەوێ شتێک ڕوویدا، شتێکی باش، دانوستاندنێکی ڕاستەقینە. ئەم رۆژانە چڕترین ڕۆژانی ژیانی من بوون."
ئەمە قسەی خانمە نووسەر ئوللا بوو.
 
گۆڕانکاریێکی بنچینەیی

هێدی هێدی شتهایێک لە دیمەنە ئەدەبیە عێراقییەکان خۆی دەبزوێنێت. ئەمە قسەی ئەمەل ئەلنوسەیری بوو.   شەقامی بەناوبانگی موتەنەبی لە بەغدا، جاران سەنتەرێکی پڕ تەوژمی کڕین و فرۆشتنی کتێب بوو لە بەغدا، خەریکە وا جاریکی تر زیدوو دەبێتەوە.  سێ خانمە بەشداربووی وۆرکشۆپەکان کتێبەکانی خۆیان بڵاوکردۆتەوە،  ئەم ژنانە نووسینگەی تایبەت بە خۆیان لە بارەگای یەکێتی نووسەراندا هەیە. "ئەمانە هەر تەنها نووسراوی بچووک نین، ئەوانە بنچینەکانی گۆڕانکارین." بە باوەڕی لەیلا چەمما. هەروەک ئەمەل ئەلنوسەیری گوتی، بەڕاستی ئەوە ژنانن، کە بەر لە هەمووان رۆلێکی چالاک دەبینن: "لەسەر ئاستی هونەری زۆر چالاکتر لە پیاوان دانوستاندن دەکەن." ژنان کەمێک کەمتر هەستیارن بەرامبەر دەنگلێکهەڵبڕین، جا باسی رۆلی ژنانیش هەر ناکەین، کە خەریکە تازە پەرە دەسینێت."
ئەوەی ژنان دەیانەوێت و پێویستییان پێی هەیە،  تەنها فەزایە، ژوورە، بۆ ئەوەی تێیدا کۆببنەوە و  بێ کۆسپ و دەربەست خۆیانیان تێدا دەرببڕن. ئەوەەش قەت وا ئاسان نیە،  چونکە ئەوەی زۆر ڕەخنە لە ئاین بگرێت، ئەوا دەکەوێتە بەر سێرەی دەمارگیر و توندڕۆیەکان.
 
هەر لەبەر ئەوەشە هۆنراوە زۆر فۆرمێکی گونجاو و باشە، وەک ئەمەل ئەلنوسەیری دەڵێت، چونکە فەزایێک دەئافرینێت، کە بتوانیت تێدا شتەکان ڕاستەوخۆ بهێنیتە بەرباس. لەیلا چەمما کە زۆر دەقی بژاردەی "ئینانا"ی بۆ ئەلمانی وەرگێراوە ، لە بەرامبەر ئەوە دا ڕای وایە:
"من باوەڕم وایە، کە ژنان زۆر بە کۆنکرێتی دەنووسن، ئەوەش بۆ من جێی سەرسوڕمان نیە." چەمما پتر پراگماتیکانە ڕۆشنی کردەوە، کە لەبەرچی هۆنراوە شێوازێکە دەخرێتە پێش شێوەکانی تر، گوتی:
"هۆنراوە کورت و چڕە،  هۆنراوە پێویستی بە کات و پێکهاتە (ستراکچەر) هەیە، ئەمانەش لە باری ئێستادا هەردووکیان لە عێراقدا نین."
 
بەشداربووانی فرانکفۆرت هەموویان لەوە هاوڕان، کە ئالۆگۆڕ لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێوکەلتوووری بۆ پەرەسەندن و پێشخستن شتێکی گرنگە. هەر لەبەر هەندێش پەیمانگەی گوێتە پشتگیری ئەو زنجیرە وۆرکشۆپانەی بەسرە و وەرگێڕان دەکات لە ئەلمانییەوە بۆ عەرەبی و بە پێچەوانەش. ئەمەل ئەلنوسەیری  و هاوپیشەکانیش ئەمەیان لا زۆر گرنگە. بەڵام ناوک و  بوونی نووسینەکانیان دەکەوێتە شوێنێکی کوورتر، وەک لەیلا چەمما رۆشنی دەکاتەوە:
"ئەوان لە قووڵایی دڵی خۆیانەوە دژی بەکارهێنانی هێز دەنووسن، ئەوان بۆ ژیان دەنووسن."