وۆرکشۆپ
کارگەی نووسین بۆ ژنان لە شاری بەسرەی باشووری عێراق

کارگەی نووسین بۆ ژنان لە شاری بەسرەی باشووری عێراق
Svensson

لەو وۆرکشۆپەدا کە لە ٢٨ی شوبات تا ٢ی ئاداری ٢٠١٦ی خایاند، ژنان کە لە شارە جیاوازەکانی عێراقەوە هاتبوون، بەشدارییان کرد.
نووسینگەی پەیوەندییەکانی پەیمانگەی گوێتە/عێراق پێکەوە لەگەڵ پەیمانگەی فێلسبێرگ کارەکانی ئەم وۆرکشۆپەیان بەڕیوەبرد.  چوار ژن لە شاری بەغدا، چوار ژن لە شاری سولێمانییەوە و لە رۆژی یەکەمدا نۆ ژن لە شاری بەسرەوە بەشدارییان تێیدا کرد. 
لە درێژایی رۆژی یەکەمدا ژنانی تریش لە بەسرەوە هاتن بۆ بەشداریکردن لە وۆرکشۆپەکە. رۆژی دووەم بەگشتی ٢٢ ژن تێیدا بەشدار بوون، کە بە نووسینی داهێنەرانە و  دانانی هۆنراوە خۆیان خەریک کردبوو. لە کاتی خۆیدا زانیاری لەبارەی وۆرکشۆپەکە نەگەیشتبووە هەموو ئەو ژنانەی کە ئەو وۆرکشۆپەیان لا بەبایەخ بوو، بەڵام هەر لەگەڵ دەستپێکی وۆرکشۆپەکە ئەم تێبینییە  ڕاستەوخۆ باس کرا. بێگومان ژمارەی ژنانی بەشداربوو پتر دەبوو، بەڵام هەر لەسەرەتاوە ژمارەی بەشداربوون بە ٢٠ ژن سنووردار کرا بوو.  ئالۆگۆڕ و ئەزموون و فێربوونی شتی نوێ، خواست و پێویستییەکی گەورەیە.  دەرفەت  بۆ ژنانی عێراق زۆر سنووردارە، بۆ ئەوەی لە چالاکییەکان بەشداری بکەن و بەهرەی داهێنەرانەی ئەدەبی خۆیان پەرە پێ بدەن،  .
 
"کاتێک من لە برادەرێکم هەواڵی ئەو وۆرکشۆەپەم وەرگرت، من هیوای زۆرم هەبوو، چونکە دەمێکی درێژە ئێمە دەنووسین و حەزدەکەین بزانین ئەوانەی تر  چی دەنووسن. لە هەمانکاتدا ئـێمە حەز دەکەین دەقە نووسراوەکانی خۆمان بگەیەنینە گوێی ئەوانەی تر. من زۆر هیواخوازی  ئەو ئالۆگۆڕییە بووم" ژنێکی بەشداربووی تەمەن پەنجا ساڵان.
 
بێگومان هۆی کەمبوونی ئەو جۆرە دەرفەتانە، ئەوەیە کە پیاوان لە بەڕیوەبردنی ئەدەبییدا سالار و یەکانەن. ژنان ناتوانن لە ناو کۆمەڵە و دەستەی شاعیر و ئەدیبەکان جێگەی خۆیان بسەپێنن. لە لایێکی ترەوە بێگومان کەمی ئەو دەرفەتانە دەگەڕێتەوە بۆ دابڕانی درێژخایەنی وڵاتەکە، کە بەهۆی گەمارۆی ١٩٩١ نەک هەر هێنانی کەرەسەکانی لێ قەدەغە کرابوو، بەڵکوو لە پەرەپێدانی  کایە هونەریی و  زانستیی و پەروەردەییەکانیش دابڕێنرا. سەرەڕای ئەوەش بە هۆی هەڵاتنی خەڵکی وڵاتەکە لە دەیەکانی ڕابردوو زۆر گۆڕانی بەسەردا هات. ئاواکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی لە هەموو کایەکانەوە پێویستی بە پشتگیری کردن هەیە، لە کایەکانی هونەر و ئالوگۆڕی ئاکادیمیش.
 
دوو هۆکار مەرجی سەرکەوتنی وۆرکشۆپەکە بوون. یەکەمیان ئەوە بوو، کە بۆ ژنان زۆر گرنگە خۆیان لە نێوان خۆیاندا کۆببنەوە، بەمە دەتوانن بە کراوەیی قسە بکەن و  بە هاوبەشی لە بارەی فیکر و هەستەکانیانەوە  گەنگەشە بکەن. دووەمین هۆکار بۆ سەرکەتنەکە بریتی بوو، لە دەرفەتی ئەوەی کە هەموو بە یەکسانی و ڕەوایی بۆیان هەبوو  هەستەکانی خۆیان بە نووسین دەرببڕن. وۆرکشۆپەکە بۆ بەشداری ژنان دانرا بوو،  پێویست بوو، کە ئاوا ئەتمۆسفێرێکی کراوە بۆ فێربوون دابین بکرێت.
 
هەر لەلایەن ڕێکخراوەکان خۆیانەوە ڕێکخستنی مێز و  کارە دێکۆرییەکانی تر جێبەجێکران. کتێبخانە گشتییەکەی شاری بەسرە وەک شوێنی فێربوون ئامادەکرا، شوێنێک بۆ پێشوازیلێکردن، بەڵام نەک وەک شوێنێکی داهێنان و دەربڕینی هەستی فێرخوازەکان.
ئەو ئەتمۆسفێرە لەلایەن تیمەکەوە هێنرایە ئارا. ئەمە وای کرد بەشداربووەکان هەست بە دانپێدانان و  ڕێزلێگرتنیان بکەن، ئەوەش بەشی خۆی یارمەتی ئەوەی د ا، کە ژنان بەکراوەیی بێنە پێشەوە.
 
"وۆرکشۆپەکە زۆر گرنگە بۆ من، من زۆر شتی گرنگم ئەزموون کرد. بە هۆی پەیوەندییەکانی نێوان ژنان خۆیان ئەوە فێربووم کە بە ڕێگایێکی ڕاستەوخۆ هەستەکانی خۆم دەرببڕم.  پێشتر ئەوە بۆ من کارێکی دژوار بوو." ژنە بەشداربووێکی تەمەن ٢٣ ساڵان.
 
بەشداربوون لە پرۆسەیەکی فێربووندا هەمیشە کارێکی دێمۆکراسیشە. پێکهاتەکەی بریتییە لە زادەی دانپێدانانی ئەوانەی تر و،  ئەزموونی کراوەیی و  یەکترقەبووڵکردن. ئەو پرۆسەیە دەرفەتی فراژیبوونی کەسایەتی و تواناکان دەڕەخسێنێت. لە پاڵ کارکردن و پێشخستنی بەهرەی تایبەتیی خودی کەسەکان و توانای تایبەتی خۆدەربڕینیان، ئەزموونی دێمۆکراسی وەک پرۆسەیەکی  دوور لە  دەسەڵاتی هەڕەمیی، هۆیێکی گرنگە بۆ هەڵسوکەوتەکانی تایبەتی تاک لەناو کۆمەڵگەدا.
 
ئەم وۆرکشۆپە جیاواز بوو لە هەموو ئەو وۆرکشۆپەکانی تر، کە تا ئێشتا جێبەجێکراون.  ئەو وۆرکشۆپانەی کە تائێستا من سەردانیانم کردووە و پەیوەندییان بە بابەتی ژنان هەبووە، زۆر تەقلیدی و  بێزارکەر بووین،  بەڵام ئەم وۆرکشۆپە پرۆسە ناوەکییەکانی دەورووژاند و  مانای پێ دەبەخشی.  کە بەهۆیەوە ئەو بەرەبەست و  کۆسپانەی کە تاکو ئێستا لە نێوان تاک تاکەی بەشداربووان هەبوو، لایبردن، وە من وا بیردەکەمەوە، کە ئێمە لە ماوەی چوار ڕۆژاندا گەیشتینە زۆر ئامانج و ئەزموونی باشمان بەدەستهێنا.
"من خواستێکی زۆرم هەیە، کە بە بەردەوامی ئەو جۆرە وۆرکشۆپە بە سوود و بە بەهایانە بکرێن.   من هیوای ئەوە دەخوازم، کە وۆرکشۆپی تری تایبەتیش تایبەت بۆ منداڵان بکرێت. منداڵان دوا ڕۆژی ئێمەن، ئێمەش گەورەکان هەمیشە بڵقەکانی ڕابردووین.
من سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم، کە لە ڕێکخستنی ئەو وۆرکشۆپە بەشدار بوون."
ژنە بەشداربووێکی تەمەن ٤٢ ساڵان.
 
وۆرکشۆپەکە بە پێشانگایێکی  گشتی و کراوە بۆ ئەو ٨٧ مێوانەی کە ئامادەبوون، کۆتایی پێ هێنرا.  دوو کەنالی تەلەفزیۆنی عێراقی و دوو ئێزگەی رادیۆ و رۆژنامەیەک هەواڵیان لەبارەی ئەم وۆرکشۆپە بڵاکردەوە.
ژنە بەشداربووەکانی وۆرکشۆپەکە لە رۆژەکانی دوایی ئەو بەرهەمانەیان خستە بەرچاو، کە لە ڕۆژەکانی پێشتر هێنابوویانە بەرهەم. ئەو چالاکییەش هەر لە کتێبخانەی گشتی شاری بەسرە پیادەکرا.
 
لە پاڵ کاریگەرییە ئەرێییەکان لەسەر نووسینی ژنان، ئەمە بووە هۆی ئەوەی تۆڕە پەیوەنددییەکان، کە پێشتر بوونیان هەبوو، دووبارە چالاک ببنەوە چالاکانە دەستپێشکەری ئەو جۆرە چالاکییانە بکەن لەناو کۆمەڵگەدا. بەمەش بزووتنەوەیەک بکەوێتە ئەو بارە قەتیسماوەی،  کە بەهۆی جەنگ و تێرۆر لە عێراقدا و لە هەموو شوێنێک باڵی بەسەر باری ڕۆشنبیری و کەلتوور داهێنابوو.
 
نووسینی
ئینکە تونێکە