نووسینگەی پەیوەندییەکانی هەولێر
دیبەگە: وۆرکشۆپ-رادیۆ

دیبەگە: وۆرکشۆپ-رادیۆ
Mutaz Abdelrahman

لەبەر سێبەردا  گەرمپێوەکە پلەی ٤٧ پێشاندەدات. خۆرە سووتێنەرەکە چادری پەنابەرەکانی شەق و پەق کردووە. بایێک دەڵێی لەسەر ئاگرەوە دێت،  هەڵی کردووە و گڤە گڤ لە جەستە و دەموچاوی خەڵکەکە دەدات، کە لەناو چادرەکانیاندا دانیشتوون و بە ئاستەم دەجوولێنەوە.
 

 
تەنها چەند دانە پەتووێک لەناو چادرەکاندا هەیە و خەڵکەکە کردوویانن بە ڕایەخ و لەسەریان دانیشتوون و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن، شەڕەکانی موسل و حەویجە دژی دەعش کۆتایی بێت و بتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. ئارەزووی گەڕانەوە بۆ موسل، لە چاو حەویجە، گەڕانەوەیە بەرەو شارێکی پڕ لە وێرانکاری. خۆ باسی ئەو سەختی و دژوارییە هەر ناکەین، کە پەیوەەستە بە پێکەوەژیانی دوارۆژ، لە نێوان ئەو هاوسێیانەی کە ىەچەندین جۆر، دوژمنایەتییان کەوتۆتە نێوان.
لە ژێر ئەو هەلومەرجەدا و لە ناو ئۆردگایێکی پەنابەرانی ناوخۆی شارەکانی موسل و حەویجەدا وۆرکشۆپێک بۆ لاوانی تەمەن ١٥ تا ١٩ ساڵان. بۆ سازکردنی ئیزگەی ڕادیۆ لە عێراقدا، لەبارەی چۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ دەنگ و پەیڤ و نووسین، هەنگاونانێکی بوێرانەیە، ئەرکێکی کەلتووری دژوارە، لە نێوان ئاتاجییەکانی ژیان و ڕزگابوون لە مەرگدا. لە کەناری خێمەکاندا دایکەکان منداڵە نەوزادەکانی خۆیان لە شۆرگە بچوکەکاندا بە پەڕۆیێک قۆنداغە دەکرد، وەک ئەوەی بچن بیاننێژن. پەڕۆی قۆنداغەکان تەڕ دەکران. بەردەوام ئەو پەڕۆکە تەڕانەیان بۆ جەستەی بچووکی زارۆکەکانیان بەکاردەهێنایەوە، بۆ ئەوەی جەستەیان وشک هەڵنەیێت.
خاڵێکی ئەرێتی چاوەڕواننەکراو: وۆرکشۆپەکە وەک ئاوێک کاریگەری لە کچان و کوڕانی بەشداربوو دەکرد،  لە بەرامبەر ئەو ڕۆشنبیری و  پەیوەندییەی کە لە ئۆردگاکەدا تووشی گەندەلبوون و  پەنگخواردنەوە هاتبوو. ڕاستە سەدان چادر یەک لە پاڵ یەکتری بەچڕی لە ئۆردگاکەدا هەڵدراون. بەلام ژیانی ناو ئۆردگا و کەمپەکان واتە  ژیانێکی سەرەتایی دەستبەسەرانە. زۆربەی جاران ژنەکان بۆیان نیە بچنە دەرەوە، زۆربەیان بۆیان نیە کار بکەن و هاوبەشی هەنگاوەکان بکەن. بۆیەشە بەکارهێنانی دەنگەکان، پەیڤەکان، تۆمارکردنەکان و ئالوگۆڕی نێوانیان، کە لە سمیناری رادیۆ-دا پێشکەش دەکرێن، وەک مێرگێکە بۆ بیر و مێشک، هەروەک زوو ئەم بەرەنجامە دەرکەوت. بە تایبەتیش لەم کاتەدا، لە سێ مانگی پشووی قوتابخانەدا، هیچ جۆرە چالاکیێکی کەلتووری لە ئۆردگای دیبەگەدا پێشکەش ناکرێت.
وۆرکشۆپی ڕادیۆ سەرکەوتنێک پێشاندەدات، کە بەشداربووانی، لەوانە چوار لە ژنانی بەشداربوو، کارەکانی دەستی دەکەنە بابەتی دێمانە و کاری رۆژنامەگەری وەک دەستپێکارێک. هەروەها لەبەر ئەوەش، کە هەندێک لە خەڵکەکە لە ئەنجامی کارەسات و نەهامەتی و ئاشووب، تووشی دامان و نەخۆشی دەروونی هاتوون، جارێکی تر  دەکەونە ناو جیهانی پەیوەندی و ئالۆگۆڕ لەگەڵ دونیای دەرەوە.
وەک هەموو ئۆردگاکان، لە ئۆردگای دیبەگەش بە دەگمەن ئەوە دەڕەخسێت گفتوگۆی تایبەت تاک تاک لەگەڵ هەموو هەڵاتووانی موسلدا بکرێت، بۆیە ژیانی ئۆردگا هەمیشە واتە ژیانێکی دابرانی کۆمەڵایەتی.  بە تایبەت کە دەرکەوتووە تاوانکار و قوربانییان هەندێ جار لە چادرەکاندا لە پاڵ یەکتریدا دەژین. فرمانبەرانی ئاسایش لە دەروازەکاندا پاسەوانی لە پەنابەرەکان دەکەن. ئەو پیاوە لاوە زگورتیانەی کە بە تەنها لە ئۆردگاکەدا دەژین بە تایبەت جێگەی گومان و  مەترسین.
نووسینگەی پەیوەندییەکانی پەیمانگەی گوێتە لە عێراق بە کۆکاری لەگەڵ ڕێکخراوی یارمەتیدانی منداڵان "زەوی مرۆڤەکان- Terre des Hommes " لە دیبەگە لە کوردستانی عێراق، لە وێرانەی سەکۆی یاریگەیەکی کۆندا سێ ژووری سادە و ناڕازاوەی وەک سەنتەری لاوان دامەزراندووە. پارچەدڵی پەیمانگای گوێتە ئەو پرۆژەیەیە کە بە "سندووی فیکرەکان"  ناودەبرێت. ئەوەش چوار سندووقی گەورەی چەرخدارن: هەر یەکێکیان لاپتۆپ و ئامێرەکانی وێنەگرتن و تۆمارکردن، هێدفۆن و کتێبیان تێدایە، کە گەرەکە پەیوەندیەکان لە نێوان ژن و پیاوی لاوی جیهاندا تۆڕبەند بکەن.
وۆرکشۆپی رادیۆ-سازکردن خەریکە ببێتە مێدیایکی نموونەیی بۆ فێربوون بەبێ نووسین (من لە ڕێگای وڵاتانی تری ناکۆکیدار بەمە ئاشنام.) ئەمە بەڕووی نەخوێندەوارانیش، کە بوونیان لە ناو گرووپەکاندا هەیە، ئاوەلایە، بۆیە بەبێ هیچ سلەمینەوەیەک بەشداری تێدا دەکەن.
هەروەها ئەوەشیان پێوە دیارە، کە  هەندێک لە بەشداربووان نزیکەی دوو ساڵ دەبێت هیچ قوتابخانەیەکی فەرمی و کارایان لە ناوەوەڕا نەدیوە. ئەوانە جارێکی تر و سەرلەنوێ لێرە فێری ئەوە دەبن، کە چۆن پەیوەندییەکان بە ڕێگای مایکرۆفۆنەکانی دەستیان کارا دەبنەوە. لێرە دەتوانن بکەونە دوای مەراقەکانیان و شتێک لە بەرامبەرەکانیان هەڵبکڕێنن، ئەوەش بەبەکارهێنانی پەیڤ و دەنگی ڕێزدار. لە هەمانکاتدا ئەمە بانگەوازێکی بچووکیشە بۆ ئاشتی, لەم ناوچەیە  کە بە چەک و بە شەڕ ئاوسە.
ئایا ئەمە زێدەڕۆییە؟ یان ناوکۆکەیەکی ڕاستیش تێیدا خۆی حەشار داوە. چونکە لە هەر شوێنێک لایەنە دژبەیەکەکان پێکەوە دابنیشن، ئەوا چەکەکان کپ دەبن. 
ئەوانەی لە پشتی پەرژینەکانی ئۆردگای دیبەگە دەژین زۆربەیان سوننەن. کیلۆمەترێکیش دوورتر ئۆردگایێکی تر بۆ ئێزدییە هەڵاتوووەکان دامەزراوە. ناتوانم لەگەڵ بەشداربووانی وۆرکشۆپی ڕادیۆ خۆم بگەیەنمە ئەوێ.  لە دەوروبەری ئاوایی دیبەگە پێنج دانە ئۆردگای ئاوای پەنابەران دامەزرێنراون. کچ و کوڕانی لاوی بەشداربوو لێرە سروودە کوردییەکانیش فێردەبن. ئەو سروودانەی باسی ئەو ڕاونان و زۆرداریانە دەکەن، کە لەسەر دەستی سەددام حوسێن بەسەر کوردەکاندا هێنراون.
عێراق پێوسیتی بە نێلسۆن مانێلایەک هەیە،  بۆ ئەوەی ئاینەکان و نەتەوەکانی وڵاتەکە جارێکی تر لەگەڵ یەکتریدا ئاشت بکاتەوە. هەروەها ڕوونکردنەوەیەکی کورت بنووسێت و ئەوە بە کراوەیی جێبهێلیت، کە ئایا لە عێراقدا کێ ڕەش و سپی ئەو جەنگەیە.
ئەوە قسەی بەشداربووێک بوو.
لەم ساڵانەی دواییدا، وا دەردەکەوێت، کە شوێنە بچووکەکەی دیبەگە ناتوانیت ژمارەیێکی زیاتر لە ئێستای لە دەرکراوەکان لە خۆیدا بگرێت. لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ژمارەی پەنابەرانی ناوچەی موسل لەو پێنج ئۆردگایەی تەنیشت یەکتر، لە ٦٠٠٠ –وە بوو بە ٤٠٠٠٠ کەس.
ئۆتۆمبێلەکانی حەشدی شەعبی پەیدا بوون، ئەو میلیشیایانەی کە لە بەرەی دژ بە دەعش دەجەنگان. هاتن بۆ ئەوەی لاوەکان لە ناو ئۆردگایەکانەوە باربکەنە ناو لۆریەکانیان بیان بەن بۆ جەنگ.  ڕێکخراوی (UNHCR) و چاودێرانی نێونەتەوەیی بێ دەسەڵاتانە وەستان،  پاشان بیری ئەوە هاتە ئارا، کە شتێک دژی بردنی لاوەکان بۆ جەنگ، بکەن. سەنتەرەکەی لاوان لە وێرانەی یاریگاکە نیازی ئەوەی بوو، پیاوە لاوەکان لای لە خۆیان بە مێدیا و کاتبەسەربردنێکی بەسوود خەریک بکەن.
سەبارەت بەوەی زۆربەی ئەو دەرکراوانەی دیبەگە لە ناوچە گوندییەکانی دەوروبەری موسلەوە هاتوون، لە ڕووی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە خۆیان دووردەگرن و گۆشەگیر و پارێزگارن.
هەندێک لە خێزانەکان ڕێگری لەمەش دەکەن کە کچ و ژنەکانیان ئەو ڕێگا کەمە چەند سەد مەترییە بە ناو چادرەکانی ئۆردگاکە ببڕن و خۆ بگەیەننە سەنتەری لاوان یان سندووقەکانی فیکر.
بۆیە وا دەردەکەوێت، کە ئەوە شتێکی ڕێکەوت نیە، ئەو چوار ژنەی کە کار لەگەڵ وۆرکشۆپی ڕادیۆ  دەکەن، ڕاستەوخۆ لە نزیک ژوورەکانی سەنتەرەکەی لاوان دەژین. کچ و ژنەکان هێمن و بێدەنگن، بەڵام باشترین دێمانە لە چادرەکانەوە دێننە ئارا.
سندووقی فیکر خۆی  ناتوانێت ئەو تۆمارە دەنگیانەی وۆرکشۆپی سازکردنی رادیۆ بڵاوبکاتەوە.  بۆیە وەک هاوبەشێک (MiCT) و (Start FM) کە رادیۆیێکی ئاوارەکان  و دانیشتووانی موسلە و بەم دواییە دامەزراوە،   بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە ڕێگای فێسبووک لە هەولێری کوردستاندا بڵاودەکرێتەوە. ژنێکی گەنجی چالاک لێرە بەرپرسیارێتی  ناواخنی پرۆگرامەکانی گرتۆتە ئەستۆ.
لە رۆژەکانی داهاتوودا ئەو ژنە سێ ڕاپرسی بەڕێگەی (Start FM) ئاراستەی موسل دەکات، ئەو ڕاپرسیانە لەلایەن بەشداربووانی وۆرکشۆپەکەوە تۆمارکراون: لەبارەی تۆڵەسەندنەوە و  ڕەفتاری ڕەوا لەگەڵ هاوسۆزەکانی دەعش، لە بارەی کاری ژنان لە ئۆردگاکە و  هەروەها لە بارەی ئالنگاری پرسی منداڵبوون لە ناوەندی جەنگدا.
بۆ ژن و پیاوە لاوەکان، ئەوانەی لە دەستی دەعش ڕزگاریان بووە، رۆژی وۆرکشۆپی سازکردنی ڕادیۆ، خۆشترین ڕۆژی هەفتەیە. بە بەختێکی کەمیش، لەوانەیە بۆ ئەمیان یان ئەویان تەنانەت ئاسۆیێکی ڕاستیی پەیداکردنی کار یان هیواێکی نوێ بێت. چونکە لە کۆتاییدا  زۆربەی جاران کارەکە پەیوەندی بەو پرسەوە هەیە: کە سوسفۆسانە خۆیان بە بەختەوەری بناسێنن.
نووسینی:
مارتین گێرنەر