بەسرە
عێراق دوای دەعش

هارتموت کوڤیل، بەڕێوەبەری پەیمانگەی فێلسبێرگ گفتوگۆ لەبارەی کۆچکردن بەرەو ئەوروپا و ئەلمانیا دەکات
هارتموت کوڤیل، بەڕێوەبەری پەیمانگەی فێلسبێرگ گفتوگۆ لەبارەی کۆچکردن بەرەو ئەوروپا و ئەلمانیا دەکات | © Katharina Drost, Centre for Iraq Studies, Universität Erlangen/Nürnberg

کۆنفرانسی نێونەتەوەیی و وۆرکشۆپی خوێندکارانی زانکۆی بەسرە/ کانوونی یەکەمی  ٢٠١٧

گەورەترین و فراوانترین کۆنفرانس بووە کە تا ئێستا گیرابێت و ژمارەییکی وا زۆر لە ئاستی نێونەتەوەییەوە تێیدا بەشدار ببن، کۆنفرانسەکە پێکەوە لە لایەن پەیمانگەی فێلسبێرگ و زانکۆی ئێرلانگن-نورنبێرگ و سەنتەری لێکۆڵینەوەی عێراقی ئەوێ، لە نێوان ٢٠ تا ٢٣ تشرینی دووەم لە عێراقدا رێکخرا.
لێکۆڵەران، وانەبێژ و پرۆفیسۆرانی  زانکۆ  لە دە وڵاتی جیاوە  بەرەو بەسرە هاتبوون، تا لەگەڵ هاوپیشەکانیان لە عێراق ئاواکردنەوەی وڵاتەکە دوای سەرکەوتن بەسەر تێرۆرستانی دەولەتی ئیسلامی (دەعش) گەنگەشە بکەن. "ئاواکردنەوەی کۆمەڵگە  جەنگییەکان": عێراق دوای دەعش (ISIS) زانایانی بواری سیاتەت، مێژوو، کۆمەڵایەتی و ئیتنۆلۆگی تا ڕادەیەک بەرەو خۆی ڕاکێشا، هەروەها یاسازان و ئابووری زان و  ئیسلامناسانیش. لە کۆی ٣٠ داخوازاینامە کە لەسەرەتا وا دانرابوو  هەموو تێیدا بەشداری بکەن، بەڵام بەهۆی باری دارایی تەنها ٢٢ یان وەرگیران.  هەروەها لە کۆی ٧٠ لێکۆڵینەوە لەلایەن عێراقییەکان خۆیانەوە، تەنها ٣٠ دانەیان لە لایەن زانکۆی بەسرا هەڵبژێردرا.
هەروەها سەرەڕای هاوبەشە نێونەتەوەییەکانی تر، توانرا دامەزراوەی کۆنراد ئەدیناوەر و دەزگای خزمەتگوزاری ئالۆگۆڕی ئاکادیمی ئەلمانی (DAAD) و پەیمانگەی گوێتە  ببن بە بەشداری کۆنفرانسەکە.
دوای کەرکوک، هەولێر،  هەروەها دوو کۆنفرانس لە شاری کوردیی سلێمانی، شاری بەسرەی میترۆپۆلی کانگای نەوت لە باشووری عێراق، وەک پێنجەم شار لە لیستەی جێگە تۆمارکراوەکاندا هەڵبژێردرا.
ئەو شارە ئێستا لە ڕووی ئاسایشەوە بە یەکەمینی شارەکانی عێراق دادەنرێت. ئەوەش بوو هۆی بانگهێشتکردنی ئەو هەموو پسپۆرە لە هەموو وڵاتەکانی (کۆلۆمبیا، مەکسیک، نیوزلەند، فەرەنسا، هۆلەندا، ئێران، بەریتانیا، میسر، تورکیا و بێگومان ئەلمانیاش) بە درێژایی سێ ڕۆژان لە هۆلی کۆنفرانسی سەرۆکایەتی زانکۆ، لە کەناری ئاودڕی عەرەبی، بە گشتی لە هەشت پانێلدا سمینار و دانوستاندن لە بارەی پرسەکان بەپێی رێکخستنی بابەتەکان بەڕێوەچوو.
شەبەنگی بەرفراوانی بابەتەکان ڕۆلی زانکۆکان  تا پرۆسەی ئاشتبوونەوەی کۆمەڵایەتی لە دوای کۆتایی هاتنی دەعشی لەخۆگرتبوو.
 
ئەوە جێگەی سەرسوڕمانی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە بوو، کە هیچ خوێندکارێک بۆ  سمیناری پانێلەکان بانگهێشت نەکرابوون. تەنها دوا رۆژ، کاتێک نووسینگەی پەیوەندییەکانی پەیمانگەی گوێتە لە هەولێر، شەش وۆرکشۆپی ڕێکخست بۆ خوێندکاران،  خوێندکاران توانییان تێیدا ئامادەببن. کۆلێژی ئابووری زانکۆی بەسرە سێ هۆلی وانەگوتنەوەی بۆ ئەم وۆرکشۆپانە ئامادەکرد، هەر جارێک سێ وۆرکشۆپ بە تەریبی لەگەڵ یەکتریدا بەڕیوەچوو. بە گشتی ٣٨٨ خوێندکاری کۆلێژە جیاجیاکان تێیاندا بەشداربوون، بۆ ئەوەی گوێ لە مامۆستایانی زانکۆکان بگرن، کە لە ئەلمانیا و فەرەنسا و کۆلۆمبیا و هۆلەندەوە هاتبوون.
بە هۆی ڕاپرسیێک لە نێوان خوێندکارەکاندا، دەرکەوت کە لە هەمووان پتر خوێندکارەکان بابەتە ئەلمانییەکانیان لا بەبایەخ بووە. گێرد هانکل لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتیی هامبۆرگ سمینارێکی لەبارەی بابەتی ئاواکردنەوەی ئەلمانیا دوای ١٩٤٥ و ئاواکردنەوە دوای ١٩٨٩ پێشکەش کرد، کە تێیدا لەبارەی لایەنە سەرکەوتوو و ناسەرکەوتووەکانی پرۆسەی ئاواکردنەوە قسەی کرد.
هارتموت کوڤێل بەڕیوەبەری پەیمانگەی فێلسبورگ خۆی بە پرسەکانی کۆچ بەران خەریک کرد، لە سەرەتادا لە دیدی جیهانییەوە و پاشان لە دیدی یەکێتیی ئەوروپاییەوە،  دواتریش چووە سەر باسی باری عێراقییەکان لە ئەلمانیا.
شیرن بەهادیری کە لە زانکۆی ئازادی بەرلینەوە هاتبوو، لە وۆرکشۆپێکدا داخوازی دامەزراندی تۆڕێکی پەیوەندی لە نێوان خوێندکارانی عێراق و ئەلمانیادا کرد،  بۆ ئەوەی وەک پردێک لە نیوان هەردوو وڵاتدا بۆ پتر لەیەکترگەیشتن و ئالۆگۆڕ لە نێوانیاندا کاربکات.
 
شتێفان ڤالتەر لە زانکۆی (Le Havre) لە سەرەتای وۆرکشۆپەکەیدا باسی ئالۆگۆڕی نێونەتەوەیی کرد و پاشان چووە سەر پرسی پێناسەی کەلتوور و دواتریش بەخێرایی کەوتە ناو دانوستاندنێکی گەرموگوڕ لە بارەی ڕادژبەیەکەکانی سەرپۆشین لە شوێنە گشتییەکاندا.
پتر لە ساڵێکە لە فەرەنسا پێچەی دەموچاوپۆش لە ژنان قەدەغە کراوە،  ئەوەش دەنگدانەوەی جیاجیای لە نێوان خوێندکاراندا لێ کەوتەوە.
ڕێبیەن ئەلسلێفانیی لە زانکۆی ئوترێشتی هۆلەندەوە وۆرکشۆپێکی لەشێوەی سمینار لەبارەی داڕشتنی کایەکانی بەڵێندەرانی لاو بەڕیوەبرد، کە تێیدا هانی بەشداربووانی دا، کە بەشداری لە دامەزرانیدا بکەن.
ئەو خوێندکارانە کە تا ئێستا لە وانەگوتنەوەی ڕووبەڕوو ڕاهاتبوون، هەندێکیان بە هوڕبوون سمینارەکانیان جێدەهێشت، هەندێکی تریان بە جۆش و خرۆشەوە و بە وردی تێیاندا بەشدارییان دەکرد.
دژواری تێگەیشتن بەرامبەر بابەتەکەی مانوێلا بارێرۆ گۆنزالێزیش هەبوو، کە سمینارەکەی لە بارەی پرۆسەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ یاخی بووەکانی کۆلۆمبیا بوو، ئەوەی خستە بەرچاوان، کە چۆن زانکۆکەی رۆزاریا لە بۆگۆتا دەستی یارمەتی درێژکردبوو. بەڵام کاتێک پرسە هاوتەریبەکان لەگەڵ گۆڕانەکان لە عێراق هاتە پێشەوە،  ناچاربوو ئەو ژنە کۆلۆمبییە بە ئاگاییەوە قسە بکات، دیلماجەکەشی  لە وەرگێران کۆڵی دا.
 
لەکاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا ئارەزووی وۆرکشۆپی تر بۆ خوێندکاران بە ئاشکرا دەرکەوت و ڕەخنە لە بەڕیوەبەری زانکۆ بیسترا کە بۆچی خوێندکاران لە دەرەوەی کۆنفرانسەکەدا  جێهێلران و بانگهێشت نەکران. هەروەها لەبارەی شێوازی کلاسیکی وانەگوتنەوە و ئاستی نزمی زانکۆکانی عێراق بە گشتی گازندە خرایە بەرچاوان.
پاشان بەشداربووانی نیونەتەوەیی کۆنفرانسەکە بانگهێشتی مەیدانی وەرزش کران، بۆ ئەوەی بەشداری ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاران بکەن. کە بە بەزم و  هەراوهۆریایێکی لە ڕادەبەدەر ئاهەنگەکە بەڕیوەچوو. ڕێڕەوی هاتنی تاک تاکەی کۆلێژەکان و  ڕەوکردنیان بە مەیدانەکە، وەک  بەشێکی ئۆلۆمپیا دەهاتە بەرچاوان.
 
بەسرە، کانوونی یەکەم ٢٠١٧
بیرگیت سڤێنسۆن