BAGHDAD WALK

Bagdad Walk
Goethe Institut Verbindungsbüro Irak

تۆپەڵە پلاستیکێکی زەبەلاح کەوتۆتە ناوەندی جادە و ڕێگەی هاتوچۆی گرتووە. ئەمین میقداد تەماشا دەکات و تێبینییەکانی خۆی لە مەڕ چۆنیەتی کاردانەوە و هەڵوێستی لێخوڕی ئۆتۆمبێلەکان و دانیشتوانەکە بەرامبەر ئەو تۆپەڵە پیسە، تۆمار دەکات. لای هەندێکیان وەک چەندین کۆسپ و تەگەرەی تری سەر جادەکان ئاسایی وەردەگیرێ، هەندێکیان بە هێزی دەستەکانیان ڕاپێچی دەکەن، تا ڕێگاکە بکەنەوە. ئەمین میقداد ١٠٠٠ بتلەئاوی پلاستیکی سەر جادەکانی کۆکردۆتەوە و ئەو تۆپەڵە پلاستیکییەی لێ پێکهێناوە، بەو کارەی دەیەوێت سەرنجی خەڵک بۆ پیسبوونی زۆری جادەکان بە خاشاک، ڕابکێشێت. ئەمین بۆیە ئەو شوێنەی لە کەڕادە داخل، هەڵبژاردووە، چونکە کەڕادە/داخل شوێنی گونجاوی بازاڕکردن و دڵی شارەکەیە، لە لایەکی تر قاوەخانەی رەزا عەلوان لەم شوێنە وەک پنتێکی کۆمەڵایەتی مێوانی جۆراوجۆر لە خۆی کۆدەکاتەوە. ئەوە هەر دانیشتوانی بەغدا خۆیانن، کە دەتوانن دەستیان بگاتە گۆڕانکاریێک.
 
هەر وەکو پێشوو، شوێنە گشتییەکانی بەغدا بەر لە هەمووان لە لایەن مێدیا رۆژئاواییەکان بە شوێنی مەترسیدار تەماشادەکرێن. هەرچەندە: سیمای شارەکە بە دیواری کۆنکریتی و خاڵی پشکنینی بە دڕکەتێل پەرژینکراو داڕێژراوە، بەڵام لە ساڵێ ٢٠١٨-وە گۆڕانێک دەستی پێکردووە. دیوارە کۆنکریتییەکان وردە وردە لادەبرێن، دەروازەی پارک و گەڕەکەکان ئاوەڵا دەکرێنەوە. شوێنە گشتییەکان جارێکی تر بە حەشاماتی خەڵک داگیردەکرێنەوە.
بە تەواوی لەناو ئەم وێنەیەدا نوێترین پێشانگەی هونەری هاوچەرخی هونەرمەندانی عێراقی ڕێکخراوە:   پیاسەی بەغداد (BAGHDAD WALK) پێشانگایێکی بە کۆمەڵ بوو بۆ ١٣ کاری هونەری ١٢ هونەرمەندی تازە پێگەیشتوویی عێراقیی، کە لە کۆمەڵێک شوێنی گشتی جیاجیای بەغداد لە رۆژانی ١٦-١٧/١١/٢٠١٨ پێشاندران.
پیاسەی هونەر بە ڕابەرایەتی ئەو هونەرمەندانەی کە کارەکانیان پێشاندرا، لە سەنتەری ئازادی فیلمەوە لە شەقامی ڕەشید دەستی پێکرد، بە درێژایی شەقامی ڕەشیددا ڕۆشت تا گۆڕەپانی مەیدان، شەقامی کەڕادە داخل و مەیدانەکانی تەحریر و تەیرانی پێکەوە بەستەوە و، پاشان شەقامی ئەبونەواسی بە دواوە هات، لە شانۆی ئەبونەواسەوە تا پەیکەری ئەبونەواس و بەسەر  مەیدانی بەناوبانگی کەهرەماندا ڕەت بوو، تا دەگاتە شوێنگەی کۆبوونەوەی هونەرمەندان رەزا عەلوان. ١٣ کاری هونەری، کە ژیانی هەنووکەیی خەڵکی عێراقیان پێشاندەدا، لەسەر جادەکانی بەغدا پێشاندران و لەلایەن خەڵکانی پسپۆر و ڕێبوارانەوە بە بایەخێکی زۆرەوە پێشوازیان لێ کرا.
 
پیاسەی بەغداد (BAGHDAD WALK) تەنها پێشانگایێکی گەڕۆک نەبوو،  بەڵکوو لە هەمانکاتدا پرۆژەیەکی حەکایەتخوان بوو، بۆ شارەکە و زانیارییە پشتخانەکان لە بارەی شوێنە هەڵبژێردراوەکان: هەر هونەرمەندێک پەیوەندی نێوان کارە هونەرییەکەی و شوێنی پێشاندانەکەی دەخستە بەرچاوان. چ شتێک هونەرەکە بە شوێنەکە دەبەستێتەوە،  یان بە مێژووی شەقامەکە؟ سەرلەنوێ لە چاوی ئەو چاوانەی کە لێرە گەورەببوون و پاشەڕۆژی خۆیان لێرە دەبینن، چیڕۆکی شاری بەغدا گێڕدرایەوە. 
 
خاتوونە هونەرمەندی لاو تەبارەک ئەلئەترەقچی ڕێگەی منداڵە کارکەرەکانی سەر شەقامەکەی دابوو، تا بێن و نیگارکێشی بکەن و لێیان بپرسێت، کە ئەوان خەون بەچی دەبینن. زۆربەی منداڵەکان هەر بە پەیڤی –خەون- ئاشنا نەببوون. ئەو خاتوونە هاتبوو ئەو نیگارانەی لەسەر سندووقێکی گەورەی سپی پێشاندابوو، کە لەلایەن ئەو منداڵانەوە رەسم کرابوون. لە تەنیشتییەوە عارەبانەیەکی حەمالی دانرابوو، کە پشتکەی بارکرابوو بە بتلی ئاو، بنێشت، کەرەسەکانی جام خاوێنکردنەوە و بە هەموو ئەو شتانەی کە بەدەستهێنانی بژێوی منداڵەکانیان تیدا ڕەنگی دەدایەوە. تەبارەک ئەلئەترەقچی ڕەخنەی لە کاکرکردن بە مندالان گرتبوو. ئەم شوێنە وێنەی شتێکی تریشی پێچەوانەی بەغدای پێشاندەدا: مۆزەخانەی هونەری دەولەتیی، کە لە ساڵی ١٩٦٢ کرابووە، لە ناوەندی بازاڕێکی گەورەدا، کە شوێنی کۆبوونەی دز و ئەوانەن کە بە کاری رۆژانە ژیانی خۆیان دابین دەکەن.
 
 پیاسەی بەغداد (BAGHDAD WALK) پرۆژەیەکی پەیمانگەی گوێتەی عێراق بوو، بە هاوکاری پەیمانگەی بەرلین بۆ تاقیکاری ژوورایەتی و ترکیب بغداد، پەیمانگەی هونەری هاوچەرخ.
 
ئەوە بەرەنجامی زنجیرەیەک وۆرکشۆپ و سمینار بوو کە بەڕێگای سکایپ لە بارەی "هونەری هاوچەرخ" و بە سەرپەرشتی کریستینا ڤێرنەر لە پەیمانگەی بەرلین بۆ تاقیکاری ژوورایەتیەوە ئەنجام درابوون.  لە پاڵ کریستینا ڤێرنەردا هونەرمەندانی بەغدا بە رێگای ئۆنلاین  لەگەڵ ئۆلافور ئێلیاسۆن، ڕاول ڤالچ و ڤالدۆ ڤێلکۆن لە بەرلینەوە، ئالۆگۆڕیان دەکرد. بە گشتی ١٧ هونەرمەندی عێراقی بەشداری ١٧ سمیناریان کرد.