Inana © Goethe-Institut Irak

خانمە نووسەرەکانی ئینانا فێری ئای تی IT دەبن

خۆشبەختانە ڕۆژێک بەر لە قەدەغەی هاتوچۆ لە شاری بەسرەدا ٢٥ خانمی بەشداربوو لە  خانمانی ئینانا دەرفەتی ئەوەیان هەبوو کە ماڵئاوایی لە عەبدولهەق ئەلموزەفەری بەڕێوەبەری سەنتەری ڕۆشنبیری بەسرە بکەن. لە ڕۆژی دواتر مەرگی یەکەمین قوربانی کۆرۆنا لەو شارە چوار ملیۆنییەی خوارووی عێراقدا بووە هۆی ئەوەی لە ناكاوێك هەموو قوتابخانە و باخچەی منداڵان و زانکۆکان دابخرێن. هەر لەو میانەشدا دەروازە سنوورییەکان وڵاتی ئێرانی هاوسێ داخران و کاروباری فڕۆکەخانە ڕاگیرا. عەبدولهەق حەوت ساڵی ڕەبەق پشتگیری لە بیرۆکەی تۆڕی کاری "ژنانی ئینانا" کرد و لەبەرامبەر هەموو دژەکانیدا بەرگری لێ کرد و بە گەرمییەوە بانگهێشتی خانمە نووسەرەکانی کرد بۆلای خۆی. ئێستاش خانەنشین بوو و ماڵئاوایی کرد و بەرەو مانهایم گەڕایەوە، بۆ ئەو تاراوگەی کە لە سەردەمی سەددامدا ژیانی تێدا بەسەر دەبرد.
 
لەوەتەی بەکەمین هەنگاوی سەنتەری ڕۆشنبیریی بەسرە لە ساڵی ٢٠١٣، بە بڵاوکردنەوەی بژاردەیەک لە بەرهەمەکانی خانمانی نووسەرى عێراقی دامەزرێنرا و لەلایەن پەیمانگەی گوێتەوە خرایە بەرچاوان، بێژمار چالاکی تر هاتنە ئاراوە. "لەگەڵ چاوەکانی ئینانا" سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێنا/ نەک تەنها لە عێراقدا، بەڵکوو خانمە نووسەرانی فەرەنسا و ئەلمانیاش بەرەو بەسرە هاتن، بۆ ئەو جێگەیەی کە کتێبەکەی تێدا چاپ کرا، بۆ ئەوەی چاویان بە خانمە هاوپیشەکانیان بکەوێت. شوێنگەیەكی کاری نووسین  ڕێكخرا بۆ ئەوەی ژمارەیێکی پتر لە ژنان ڕێگایێک بدۆزنەوە و کێشەکانی خۆیان چارە بکەن. بەم بۆنەیەوە کەشتییەكی ئەدەبیی لەسەر ئاوی شەتولعەرەب بەکرێ گیرا،لەوێدا ژنان و پیاوان دەقەکانی خۆیان خوێندوەوە و پێکەوە رۆلی ئەدەبییان لە وڵاتانی جیاوازدا گەنگەشە کرد. 
 
ماڵئاوایی لە عەبدولهەق هاوکات بوو لەگەڵ وۆرکشۆپێکی چوار ڕۆژی لەبارەی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر وەک ئاراستەسازیێکیش بەرەو دواڕۆژ، کە دامەزراندن و هەڵسەنگاندن و پوختەکردنی "ماڵپەڕی ئینانا"ی لێ هاتە ئارا. لەسەر ئەو ماڵپەڕەدا گەرەکە نەک هەر پرۆژەکانی ئینانا، بەڵکوو کار و بەرهەمی ژنان و چالاکی و پرۆژەکانیشیان بخرێتە بەرچاوان. هەر یەکێک لە خانمە نووسەرەکان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت، کە لە چوارچێوەی ماڵپەڕەکەدا ماڵپەڕی تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن و دەقە نوێکانی خۆیان ،بلۆگی خۆیان،  زانیارییەکان، یان ڕاگەیاندنی تایبەت بە خۆیان بڵاوبکەنەوە. ڕاهێنەری ئای تی موستەفا عەلوان ڕانمایی خانمەکانی دەكرد ، کە چۆن بـتوانن ئەو ماڵپەڕەی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن و وێنەی بخەنە ناوی و بە ئارەزووی خۆیان نەخشەسازیی بۆ بکەن.
 
٣٢ خانمەنووسەر دەقەکانی خۆیان لە دووەمین بەرگى ئينانا دا بڵاوکردەوە، کە لە سەرەتای ٢٠١٩دا بە زمانی عەرەبی دەرچوو و لە کاتی ئێستادا وەردەگێڕدرێت بۆ زمانەکانی ئەلمانی و فەرەنسی. بە ڕێگای ماڵپەڕەکەیان دەیانەوێت دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و پەنجەرەیەک بەرەو جیهان بکەنەوە و لە هەمانکاتیشدا پێکەوە بیرۆکەی –خێزانی ئینانا- بئافرێنن، وەک خۆیان وای ناودەنێن. 
وۆرکشۆپی کۆمپیوتەر  دابەشی دوو بەش کرا بوو: بەغدا و باکوور، بەسرە و باشوور. واتە خانمە نووسەرانی باکوور، موسل و کەرکووک و کوردستان بەرەو بەغدا هاتن و لەگەڵ هاوپێشەکانی خۆیان لە پایتەخت کاریان کرد. ئەوانەی باشووریش، ناسریە و عەممارە هاتن بۆ بەسرا و لەوێ لەگەڵ نووسەرانی میترۆپۆلی باشوور کارەکانیان کرد.
 
بەرەنجامی ئەو وۆرکشۆپە دەتوانرێت لە ماڵپەڕی ببینرێت.
 
سەرەڕای ئەوەش خانمە نووسرەکان داخوازی ئەوەیان کرد، کە وۆرکشۆپی تری تەکنیکیی ساز بکرێت، لەبەر ئەوەی لەم کایەدا پێداویستی زۆریان هەیە.
برگیت سڤێنسسۆن
هەماهەنگكاری پرۆژەی تۆڕکاری ئینانا