دیواری جیهانی ئاشتی لە بەغدا
ئاشتی لە دەستی تۆ دایە
کۆتای ساڵی ٢٠١٤ یولیان فۆگل بە هاوکاری و پێکەوە لەگەڵ هونەرمەندانی بەسرە، هەولێر، حلە، کەرکوک و نەجەف، هەڵسا بە کاری دیواری جیهانی ئاشتی لە بەغدا. ئەوەش بریتی بوو لە کارکردن لەسەر مۆتیڤی نەخشەسازیی وۆرکشۆپێک، کە پاشان دوای تەواوکردنی، لەسەر ڕووی دیوارێکی دەرەوەی کەنالی تەلەفزیۆنی –العراق- هەڵیواسی.
یولیان فۆگل لە بزووتنەوەی هونەری گرافیتییەوە (هونەری هێلکاری) هاتووە و لە ساڵی ٢٠٠٧ بە دواوە، لە زۆر لە وڵاتانی سەر زەوی، بە ڕێگەی هونەرەکەی پەیامەکانی خۆی بۆ ئاشتی دەخاتە بەرچاوان. بۆ ئەمەش نوێنەرانی هونەرمەندانی شوێنەکان دەدۆزێتەوە، پێکەوە لەگەڵ ئەوان کار لەسەر نەخشەسازیێک دەکات. بیری نوێ و مۆتیڤی نوێ دەهێنێتە ئارا و پاشان لە کارێکی هونەری هاوبەش و بە پەیامێکی ئونیڤێرسالی (کەونی) دایاندەڕێژێ.
لە چەقی کارەکەیدا کۆترێکی ئاشتی جێی خۆی دەگرێت. گەنگەشەکردنی دەرفەتەکانی ئاشتی تەنانەت لەو جێگایانەش کە ساڵەهای ساڵە کێشە و ناکۆکی و بەکارهێنانی هێزیان تێدا بەرقەرارە، بریتییە لە پاڵنەر و مۆتیڤی ئەو کارانەی. بە بەکارهێنانی کەرەسەی هونەریی ئاماژەیەکی ئاوا دەچەسپینیت، کە بە ئاسانی چاو نەتوانێت نادیدی بکات، لە هەمانکاتدا کاریگەریێکی زۆری تێدا فراژی بووبێت.
کۆترە ئاشتییەکەی ئەو هێمایەیە کە هەموو کارەکانی ئەو هونەرمەندە پێکەوە پەیوەست دەکات، ئەوەش وەک بنچینەی ناوەرۆکی پەیامێک کە لەسەرتاسەری زەوی ماناکەی ئاشکرایە. کارەکانی بە کۆمەک و هاوبەشی هونەرمەندانی ناوچەیی، ئەوانەی کە فیکر و بەسەرهات و چیڕۆک و ڕووداوەکانی وڵاتەکەیان بە وێنە دەخەنە ناوکارەکە و باربووی دەکەن.
یولیان فۆگل چەندین جار سەردانی عێراقی کردووە، یەکەمین کاری خۆی لە کوردستانی عێراق، لە باکوور، کە لەم دواییە بووە بە ناوچەیەکی سەربەخۆ، یەکەمین دیواری ئاشتی خۆی دامەزراند. کارەکانی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ لە بەغدای پایتەخت، بایەخێکی زۆر تایبەتی هەیە، چونکە هونەرمەندانی زۆربەی شارەکانی عێراق پێکەوە کاریان تێدا کردووە.
ڕیاز مۆتار، مارینا و یومانا جەبار، حوسەین عادل، موحەممەد وەحید، ناسر نازم، حوسەین عەلا حوسەین، عەبدولڕەزاق نەجم، سۆران حەسەن، موحەممەد سوهەیل، فارس سەفەر، موحەممەد عیماد.. ئەوانە نەک لە هەموو لایێکی وڵاتەکەوە هاتوون، هەروەها تەنها هونەرمەندانی تازە پێگەیشتوو نین، بەڵکوو ئەمانە چێڕۆکی تایبەتی خۆیان و فیکری تایبەتی خۆیان بۆ کارکردن و ستایلی جیاوازی خۆیان هێنایە ناو ئەو هێمایەی ئاشتی لە بەغدا.
ئەو دیوارە جیهانییەی ئاشتییە دەستپێشکەریێکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی پەیمانگەی گوێتە لە هەولێر، بوو، بە کۆکاری لەگەڵ کەنالی تەلەفزیۆنی (ئەلعراق) و وەزارەتی رۆشنبیری بەغدا.