ڕەزمی ئاواز لە عێراق
کۆنسێرتێک بە پتر لە ٧٠٠ لایەندارەوە، کە نزیکەی نیوەیان ژنانی گەنج بوون، لە هۆلێکی چۆلی کارگەیەک لە ناو دڵی شاری سلێمانیدا: لە سەرەتادا هەست بە دوودڵی دەکرا، لەوەی کە ئایا ئەو شوێنە گونجاوە، ئایا خەڵک دێنە سەردانی کۆنسێرتێک، کە لە هۆلێکدا دەکرێت، هێشتان بە تەواوی دروستنەکراوە. کەچی هەر لە دوای یەکەمین گۆرانی ئەو دڵەڕاوکێیە ڕەوییەوە و، لەگەڵ ریتم و ئاوازی مۆسیقای ئەلکترۆنی هەموو وڵاتەکان، جەماوەر کەوتە بزووتن، هەموو لەگەڵ ئاوازی کوردی و عەرەبی زیندوو، کەوتنە گۆرانی گوتن. تا لە کۆتایی، کاتێک خانمە گۆرانیبێژی کورد هانا موجتەهیدی هاتە سەر شانۆ، بە لافاوێکی ڕاستەقینەی جۆش و حەماسەت پێشوازی لێ کرا. گۆرانییەکانی لای جەماوەر ناسراون و تەماشاوانان هەموو لەگەڵیان دەگوتەوە. دوای چوار گۆرانی، تیپە مۆسیقاییەکەی هانی شانۆکەی بەجێهێشت، جێیان بۆ (دی جی ئیپێک)ی بەرلین خالی کرد. ئیپێک و هانی بە ئازادی و بێ بەرنامەی پێشەکی، لەگەڵ ئاوازی ئەلکترۆنی دەستیان بە چڕین کرد و بە دەنگی کانی تابلۆیێکی ڕەنگاوڕەنگی مۆسیقاییان پێشکەشکرد. کاتێکیش هادی زەیدان کە لە پاریسەوە هاتبوو، هاتە سەر شانۆ، ئیتر بناغەکە بە یەگجاری لە سلێمانیدا دامەزرا.
ڕەزمی ئاواز لە سلێمانی کۆتاییهێنانی زنجیرە وۆرکشۆپێکی دوو هەفتەیی بوو بە ناوی BEATS IN IRAQ،کە لە ١٠ تا ٢٥/٣/٢٠١٩ لە هۆڵێکی کارگەی توتنی ناو شاری سلێمانی پیادەکرا، کە گۆڕدراوە بۆ هۆلێکی کەلتووری. هونەرمەندانی لاو لە هەموو لایێکی عێراقەوە بانگهێشتکرابوون، تا پێکەوە لەگەڵ مۆسیقای ئەلکترۆنی پەرە بە ئەزموونەکانی خۆیان بدەن و نەخشە بۆ کۆنسێرتێکی هاوبەش دابنێن. وەک ڕاهێنەری ئەو پرۆژە ئەلمانی-فەرەنسییە هەردوو دی جی و بەرهێن هادی زەیدان لە پاریسەوە و ئیپێک ئیپێک جیۆگلو لە بەرلینەوە بە جۆش و خرۆشەوە شان بەشانی بەشداربوواندا وەستان. ئامانج لەم دوو هەفتەیەدا چوونە بنج و بنەوانی مۆسیقای ئەلکترۆنی و دیجێیی کردن، بوو، هەروەهاش بۆ وەڵامی ئەوەی کە چۆن وەک هونەرمەندێکی لاو خۆت بۆ ئەرک و کۆنسێرت ئامادەدەکەیت. لە هەمانکاتدا دوای ئاشناییەکانی ڕۆژی یەکەمەوە، سروشێک گەیشتە لای زۆربەیان، بەوەی کە هەر بەکەرەسە دەستییەکانی وەک (بۆ نموونە لاپتۆپ و مۆبایل و بۆکسی بلوتووزەکان) دەتوانرێت ستۆدیۆیكی گونجاو لە ماڵەوە دابمەزرێنرێت.
هەروەها سەردانی ئارشیڤێکی مۆسیقیی لۆکالی بووە هۆی وەرگرتنی شارەزایێکی زۆر. دەتوانرێت گۆرانییە دێرینەکانی کوردیی لە ناواخنی پارچەکانی مۆسیقاژەنێکی لاو تۆمار بکرێت. بۆ هەندێک لە بەشداربووەکان، کە زۆربەیان گیرۆدەی مۆسیقای رۆژئاوایی یان فارسیین، ئەوە هەڵسوکەوتێکی هۆشدارنە بوو لەگەڵ مۆسیقای نەرێتی ناوچەکەی خۆیان.
ئاسۆی سازکردنی کۆنسێرتێک بە هاوبەشی هەمووان، کە لەلایەن خانمە گۆرانیبێژ هانی پشتگیری بکرێت، زۆر بە خێرایی کۆمەڵە هونەرمەندەکەی ئاوێتەی یەکتری کرد. چونکە لە پاڵ ناواخنە مۆسیقاییەکە، ئەمە دروستکردنی پلاکات و ئاگادارینامە و ڕاگەیاندننامە لە بارەی کۆنسێرتەکە و بۆخۆ پەیداکردنی جەماوەریشی دەگرتەوە. سەرکەوتنی گەورەی ئەم ئێوارەیە زۆر بە قووڵی کاری لەسەرکرا. هەر یەکێک لە بەشداربووەکان بەشێکی ٣٠ خولەکی بە بەرنامەی تایبەتی خۆی ئازایانە پڕکردەوە. هەر هەموو بەشداربووەکان توانیان جەماوەرەکە بخەنە سەما، ئەمەش مایەی شانازی بوو بۆ ئپێک و هادی. کاتێک نۆبەی ئەوان هات بۆ ئەوەی، بەرنامەی سەرپێی(ئیرتیجالی) هانی بگرنە ئەستۆ، ئەوا دەمێک بوو ئاپۆڕەی جەماوەر کەوتبوونە جۆش و خرۆش.
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە، شوێنێکی نوێ بۆ کەلتوور و کۆنسێرت لە ناو دڵی سلێمانی و دۆستایەتی بەردەوام لە نێوان مۆسیقارانی کورد و عەرەب لە عێراقدا. چونکە چالاکیێک لە ژێر ناوی "سلێمانی ڕەزمی ئاوازە" (BEATS IS SULI)کە دواتر لەلایەن خۆیانەوە ڕێکدەخرێت، بە هاوکاری هەموو بەشداربووەکان، پلانی بۆ دانراوە.
(BEATS IN IRAQ) لەلایەن فۆندی کەلتووری ئەلمانی-فەرەنسی یارمەتی درا و بریتی بوو لە پرۆژەیەکی پەیمانگەی گوێتە و پەیمانگەی فەرەنسی لە عێراق، بە هاوکاری کەنالی کوردسات، کارگەی کەلتوور، ڕێکخراوی لاوان (فۆست) و چێشتخانەی خانەی سپی.