سەرکەوتنی خێرا:

ڕاستەوخۆ بازدان بۆ ناواخن (Alt 1) ڕاستەوخۆ بازدان بۆ ناڤیگێیشن (ڕێبەر) (Alt 2)

هەڵەبجە: "موزیك دەوای ڕۆحە."

"موزیک دەوای ڕۆحە." ئەمە وتەی باوکێکی هەڵەبجەییە تا بۆمان بەیان کات بۆچی دوو کچەکەی ناردۆتە خوێندنگە نوێکەی موزیكی هەڵەبجە کە لەلایەن پەیمانگای گۆتەی هەولێرەوە پاڵپشتی دەکرێت. ئەم خوێندنگای موزیکە یەکێکە لە پرۆژەکانی کاک ئازاد. کاک ئازاد ئەم خوێندنگەیەی لە ساڵی ٢٠١٨دا دامەزراندووە، کە خۆی خەڵکی هەڵەبجەیە و لە حەفتاکاندا لە ئۆرکێسترای بەغداد موزیكی ژەنیوە.

„"موزیک دەوای ڕۆحە." ئەمە وتەی باوکێکی هەڵەبجەییە تا بۆمان بەیان کات بۆچی دوو کچەکەی ناردۆتە خوێندنگە نوێکەی موزیكی هەڵەبجە کە لەلایەن پەیمانگای گۆتەی هەولێرەوە پاڵپشتی دەکرێت. ئەم خوێندنگای موزیکە یەکێکە لە پرۆژەکانی کاک ئازاد. کاک ئازاد ئەم خوێندنگەیەی لە ساڵی ٢٠١٨دا دامەزراندووە، کە خۆی خەڵکی هەڵەبجەیە و لە حەفتاکاندا لە ئۆرکێسترای بەغداد موزیكی ژەنیوە. وەکو یەکێ لە دانیشتوانی هەڵەبجە، کاک ئازادیش بووە قوربانیی ئەو گازە ژەهراویەی لە ساڵی ١٩٨٨دا بەسەر هەڵەبجەدا ڕژێنرا کە لە ئەنجامیدا ٥٠٠٠ مرۆڤ لە چاوترووکانێکدا بوونە قوربانی. کاک ئازاد لەو کاتەدا توانی هەڵبێت و بتوانێت ئێستا باسی ئەوەمان بۆ بکات کە چۆن موزیك  لە کاتە سەختەکانیشدا هەر هاوەڵی بووە؛ چۆن لە کامپی پەنابەران لە ئێران هەر بەردەوام بووە لە ژەنینی موزیك بۆ دەوروبەرەکەی. هەر بۆیە ئەمڕۆش خەونی ئەوەیە کە موزیك بۆ گەنجانی هەڵەبجە بگێڕێتەوە و کۆنسێرتێک لە هەڵەبجە ساز بکات.
هەڵەبجە هەم لە کوردستان و هەم لە جیهاندا هەمیشە تەنها هاوشانی هێرشە تراژیدیەکەی گازی ژەهراوی ١٩٨٨ ناوی دەبرێت. ئەمەش دووبارە لە مۆنیومێنتی هەڵەبجەدا خۆی نمایش دەکاتەوە، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بنیات نراوە و لەدووروە بە مەزنی بەسەر هەڵەبجەوە دەردەکەوێت. زۆرێک لە دانیشتوانی هەڵەبجە و لە ناویشیاندا باوانی خوێندکارانی خوێندنگەکە گلەیی لەوە دەکەن کە ساڵانێکی زۆرە هەڵەبجە لە بنەوە پشتگوێ خراوە و لە ئەنجامدا زۆر شوێنی بەردەست کەمە بۆ مناڵان و گەنجان تاکو تیایدا کۆببنەوە چجای بتوانن داهێنان بکەن.
.
 

Konzert Halabja Albaqer Jafeer © Goethe-Institut Irak

بەهۆی پشتگوێخرانی ئەم ناوچەیەوە لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە، پارتە ئیسلامیە موحافیزکارەکان توانیویانە کاریگەریەکی بێشومار لەم ناوچەیەدا بەدەستبهێنن. بۆ نموونە، لە ٢٠٠١ حزبی رادیکالی ئیسلامی 'ئەنسارولئیسلام' دەستی بەسەر ناوچەی دەوروبەری هەڵەبجەدا گرت. کاک ئازاد بەسەرهاتی ئەو کاتانەی بۆ گێڕاینەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ لەکاتی داگیرکردنی عێراقدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئاسمانەوە حەشارگەکانی ئەنسارولئیسلامیان بۆمباران کرد و بەیارمەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانیان لە ناوچەکە دەریانپەڕێن.
زۆرێک لە دانیشتوانی هەڵەبجە لەم بارودۆخە هەڵاتوون. بە وتەی کاک ئازاد: "ئێستا من هیچ هاوڕێیەکم لە تەمەنی خۆمدا نەماوە. هەمووی بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵاتوون و زۆرینەیان لە ئەوروپان." بەڵام ئەوەی دڵخۆشکەرە ئەوەیە، کە پشتگیرمانن. ئاماژەی بۆ کامێراکەی دەستی کرد کە هاوڕێیەکی لە نەمساوە بۆی کڕیبوون. " زۆرێک لە گەنجانمان دەتوانن ئەم کامێرایە بۆ گرتنی ڤیدیۆی کورتیش بەکاربهێنن. هەربۆیەش لە ژێرزەمینی خوێندنگەکە ستۆدیۆیەکی بچووکمان بنیات ناوە."
کاتێک لە دەرەوە تەماشای ئەم خانووە دەکەیت، هیچ خەیاڵت بەلای ئەوەدا ناڕوا کە لە ژێرزەمینی ئەم خانووە کۆنەدا ستۆدیۆیەک هەیە بۆ چەندین جۆری کاری هونەری بەکاردێت. ئازادیش بە شانازیەوە باسی ئەو کاتە دەکات کە لەگەڵ هاوڕێیانیا ئەم ستۆدیۆیەیان بنیات ناوە. کە لە پلیکانەکانەوە دەچیتە خوار، لە سووچێکدا شوێنێک دەبینی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامێرە موزیکیەکان، لە نزیك ئەویشەوە ئامێرێکی تر کە ئازاد خۆی بنیاتی ناوە بۆ دروستکردنی کەمان و پاشان لە سووچی سێیەمدا ستاندی موزیکی کۆنی لێیە، کە هەر خۆی چاکی کردوونەتەوە. بایەرمەتی هاوڕێیانی، کاک ئازاد توانیویەتی فەزایەك بخولقێنێت کە مرۆڤەکان نەک تەنها بتوانن موزیك فێر بن بەڵکو چانسی ئەوەیان پێدەدات کە پێکەوە ڕۆحی داهێنەرانەی خۆیان بخەنە گەڕ.
. Konzert Halabja Albaqer Jafeer © Goethe-Institut Irak
بە وتەی باوانی خوێندکارانی خوێندنگەکە کە هەریەکەیان ئامێری جیاوازی وەك کەمان و گیتار و عود و تەمبوور و قانوون و پیانۆ دەژەنن، ئەوان ئاواتەخوازن ئەم خوێندنگەیە بتوانێ ڕەوڕەوەی زەمەنێک بەردەوام پێبدات کە "تێیدا هەڵەبجە کلتوورێکی دەوڵەمەندی پێشکەوتنخوازی تێدا بوو و وەک ناوەندیی کلتووریی کوردستان تەماشا دەکرا." باوکی دوو کچی دە ساڵ باسی ئەو زەمەنە دەکات کە ژنێکی بەهێز بەناوی حەپسە خان (١٨٩٢ – ١٩٥٣) چەرخی هەڵەبجەی دەسووڕاند. حەپسەخان زۆربەی کات وەکو فێمینیستێک و نیشتمانپەروەرێك ناودەبرێت لەبەر ئەوەی یەکەم خوێندنگەی کچانی لە عێراقدا دامەزراند و پشتگیریی شۆڕشی دژی کۆلۆنیالیزمی ئینگلیز دەکرد. هەروەها پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵ شاعیرانی سەردەمی خۆیدا هەبوو و زۆر پێیان سەرسام بوو.
ئێستا لە پارکی سەرەکیی شاری هەڵەبجە پەیکەر و یادگاریی حەپسە خان دەبینرێت. بە وتەی کاک ئازاد دەبێت ئەم شوێنە شوێنی ئەو کۆنسێرتە بێت کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا بڕیارە سازبدرێت. تا ئەو کاتەش پرۆڤەیەکی زۆریان لەبەردەمدایە، چونکە هەندێک لە خوێندکارەکانی پێش ماوەیەکی کەم دەستیان پێکردووە.