به‌رهه‌می كولتوری له ئێراق: له نێوان وێرانكردن و بووژانه‌وه‌دا
هه‌ر هه‌وڵێك بۆ قسه‌كردن سه‌باره‌ت به هونه‌ر یان كو‌لتور له ئێراقدا كارێكی ئاڵۆز و پڕگرفته، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه هونه‌رمه‌ندان و كاره‌كانیان ناكرێت له ڕووداوه پڕ له ئازاره‌كان جیابكرێنه‌وه كه به درێژایی مێژووی هاوچه‌رخی ئێراق ڕوویان داوه. بۆ نمونه چل ساڵ له دیكتاتۆریه‌ت، جه‌نگه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كان، ئابڵۆقه‌ی ئابووری و شه‌ڕه تایفیه‌كان كه وڵاته‌كه‌یان په‌لكێشی حه‌مامی خوێن كردووه.
به‌دیوێكی تردا میلیتاریزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێراقی له‌لایه‌ن ڕژێمی دیكتاتۆری پێشوو (سه‌دام حسێن) گورزی له هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی مرۆڤ وه‌شاندووه، به‌لایه‌نی به‌رهه‌م هێنانی كولتوریشه‌وه. نه‌وه‌ی من كه له‌و كاته‌دا گه‌وره بووین، تا ئێستاش به‌ده‌ست یاده‌وه‌ریه پڕئازاره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه خوێناویه‌وه ده‌ناڵێنین.
Von هۆزان مه‌حمود
كاتێك جه‌نگی كه‌نداو و هێرش بۆسه‌ر كوه‌یت له ساڵی ١٩٩١دا له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه بووه هۆی ڕاكێشكردنی زۆره ملێی ژماره‌یه‌كی زۆری پیاوان بۆ ناو له‌شكری ئێراقی، ئیدی میلیتاریزه بوونی ژیانی كولتوریش ده‌ستیپێكرد. له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌ر حوكمی به‌عسیه‌كان و به‌تایبه‌ت گرتنه‌ده‌ستی كۆی ده‌سه‌ڵات له ساڵی ١٩٧٩دا له‌لایه‌ن سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆره‌وه، ئیدی هه‌زاران وێنه‌ی گه‌وره، پۆسته‌ر و په‌یكه‌ری دیكتاتۆر له شوێنه گشتیه‌كاندا ده‌ركه‌وتن؛ له‌سه‌ر دیواره‌كان، له ناو هۆڵی فه‌رمانگه‌كان و له كه‌مپه‌كان و هۆڵی خوێندندا وێنه‌ی سه‌دام له‌ناوه‌ڕاستی ژووره‌كاندا بوونی هه‌بوو. له مه‌یدانی ڕاهێنانه سه‌ربازیه‌كاندا وێنه‌ی سه‌دام له‌گه‌ڵ وته‌كانی له‌باره‌ی ڕاهێنانی سه‌ربازیه‌وه به‌خه‌تی گه‌وره ده‌نه‌خشێنرا بۆ نمونه: (ئاره‌قی ڕاهێنان، خوێنی جه‌نگ كه‌م ده‌كاته‌وه)... هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندان ڕاكێشده‌كران بۆ نوسینی ڕازاوه‌ی كالیگرافی وه‌كو: ( هه‌موو ئێراقیه‌كه‌ی دڵسۆز، به‌عسیه‌كی دڵسۆزه)، یان ( به ڕۆح و به خوێن، ئێمه ژیانی خۆمان فیدای تۆ ده‌كه‌ین سه‌رۆك سه‌دام حسێن) ئه‌مانه و چه‌ندین دروشم و وته‌ی تر له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، له فه‌زای گشتی و له میدیادا له‌گه‌ڵ وێنه‌ی سه‌دام به‌دیده‌كران.
هه‌زاران په‌یكه‌ر، فۆتۆ، دیواربه‌ند و پۆسته‌ری گه‌وره و زه‌به‌لاح كه هه‌موویان بۆ پیرۆزكردنی سه‌دام وه‌كو خودایه‌كی نه‌مر ئاڕاسته كرابوون، شوێنه گشتیه‌كانیان داگیركردبوو. هه‌ربۆیه‌ش ئێراق ته‌نها یه‌ك سه‌دامی نه‌بوو، به‌ڵكو ملیۆنان ده‌ركه‌وتنی هه‌بوو، هه‌زاران كۆپی له ڕێگه‌ی هونه‌ر له فۆرم و میدیۆمی جیاوازدا له؛ نوسراو، بینرا و بیستراودا بوونی هه‌بوو. ئه‌و میلیتاریزم و له‌شكره‌ی كه وه‌ك ئه‌فسانه‌یی وێناده‌كرا له ڕاستیدا به‌رگه‌ی یه‌ك هه‌فته جه‌نگی كه‌نداوی نه‌گرت.
ڕۆماننوس و شانۆنوسی ناوداری ئێراقی حه‌سه‌ن فالح، له چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ ڕێكخراوی گۆته‌ی ئه‌ڵمانی -سپۆتلایت ئێراق پێی گووتم كه: له‌سه‌رده‌می سه‌دامدا، هه‌موو شتێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی دیكتاتۆر میلیتاریزه كرابوو به شیعر، ڕۆمان، موزیك، فۆتۆگرافی، فیلم و میدیاوه. هه‌رچه‌ند ئێراق كێشه‌ی زۆره، به‌ڵام ناكرێت ئێستا به‌راورد بكرێت به پێشوو...
بێگومان ڕژێمی به‌عس هه‌موو لایه‌نێكی داهێنه‌رانه‌ی ژیانی مرۆڤی به‌كارده‌هێنا، ته‌نانه‌ت خودی زمانیش به قازانجی دیكتاتۆر و بۆ جه‌ختكردنه‌وه له نه‌مریی خۆی به‌كارده‌هێنرا. زۆرجار هونه‌رمه‌ندان و دام و ده‌زگا كولتوریه‌كانی ناچارده‌كرد به‌م كارانه له‌ڕێگه‌ی سانسۆره‌وه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م پێوه‌رانه بۆ میلیتاریزه‌كردنی هه‌موو لایه‌نێكی ژیان و داهێنان، هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندان، فیلمسازان و ڕۆشنبیران ملیان نه‌دا بۆ ئه‌م سانسۆره و له جیاتی ئه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی هێمنتر كاره‌كانیان به‌شێوه‌ی ئه‌بستراكت و سیمبۆلیزمه‌وه ئه‌نجامده‌دا. ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستگیركردن و له سێداره‌داندا كاریان ده‌كرد، بێگومان ده‌بوایه زۆر به هه‌ستیاریه‌وه كاربكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وا ده‌رنه‌كه‌وێت كه دژی ڕژێمن.
له‌م نێوه‌نده‌دا زۆرێك له هونه‌رمه‌ندان دووركه‌تنه‌وه له كاری هونه‌ری و كاری جیاوازیان ده‌كرد بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان. یه‌كێك له‌و نموونانه، كامه‌ران حوسنیه، كه یه‌كێكه له ڕابه‌رانی فیلمی ئێراقی له ساڵانی په‌نجاكاندا، كه فیلمه‌كانی زۆرتر له‌باره‌ی ژیانی كه‌سانی ئاسایی كۆمه‌ڵگه‌وه بوو، وه‌ك چینی كرێكار و خه‌ڵكی هه‌ژاری ئێراقی.
كه به‌عسیه‌كان له ساڵی ١٩٦٨ هاتنه‌سه‌ر حوكم، ماوه‌یه‌ك دوای ئه‌وه له‌ژێر فشاردا كامه‌ران وازی له فیلمسازی هێنا و ڕێستورانێكی كرده‌وه به ناوی ( عه‌لی شیش) له به‌غداد و دوای ماوه‌یه‌ك به‌ته‌واوی ئێراق به‌جێهێشت و ڕوویكرده ئه‌مریكا.
سانسۆركردنی داهێنان و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه كه‌ڵه‌كه‌بوو له فۆڕمی حوكمڕانی تاكه حیزبی، كه حیزبی به‌عس بوو. (ئه‌نوه‌ر جه‌بار موات) یه‌كێكی تر له‌وانه‌ی كه سپۆتلایت-ئێراق هاوكاری پڕۆژه‌كه‌ی كردووه، كه ده‌رونناسێكی به‌غدادیه ده‌ڵێت: ( ته‌نها له ڕێگه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه‌یه كه خه‌ڵك ده‌توانن ببنه بیریار، له نه‌بوونی فه‌لسه‌فه‌دا له بواره جیاوازه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌دا وه‌كو پڕۆژه‌ی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده و خوێندن، ئابووری و سیاسه‌ت ئه‌م ئاژاوه‌یه‌ی ئێستای لێده‌كه‌وێته‌وه).
به‌شێكی تاریكی دیكه له ژیانی خه‌ڵكی ئێراقدا هاتنی داعش و داگیركرنی به‌شێكی زۆر له كوردستان و شاره‌كانی تری ئێراق بوو. ئه‌م داگیركردنه له‌پڕه برینی قووڵی كرده ڕۆحی خه‌ڵكه‌وه، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی كه داعش به موسڵمانی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ده‌زانین. سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو كوشتن و قه‌ڵاچۆكردنه مرۆیییه، وێرانكردنی هونه‌ر و موزیك و شوێنه‌واری دێرینی چه‌ندین سه‌ده‌ی ئه‌م ناوچه‌یه به‌شێكی تری ئه‌م تراژیدیایه بوو. ڤیدیۆ و وێنه‌كانی داعشه‌كان به ڕیشی درێژه‌وه كه سه‌رقاڵی شكاندن و ڕووخاندنی ئه‌م شوێنه‌وارانه بوون، جێگای شۆك بوو ، ئه‌مانه به جیهانیان نیشاندا كه هه‌موو فۆرمه‌كانی هونه‌ر و كو‌لتور له‌م ناوچه‌یه‌دا به به‌رده‌وامی له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچووندایه.
له كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كانمدا له‌گه‌ڵ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی كورد و ئێراقی كه بۆ گۆتێ ئینستیتوت-پرۆژه‌ی سپۆتلایت-ئێراق ئه‌نجامم دا، شانسی ئه‌وه‌م هه‌بوو كه گفتوگۆ بكه‌م له‌مه‌ڕ هه‌وڵه‌كانیان، به‌وه‌ی كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هۆشمه‌ندی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ی دوای جه‌نگ بگۆڕن و فۆرمێكی نوێی پێ ببه‌خشن. هونه‌رمه‌ندان بۆیان باسده‌كردم كه چۆن خه‌ڵك ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست تراومای جه‌نگه‌كان، ماڵوێرانی و كێشه‌ی تازه و دواتریش؛ هه‌ر له ناداده‌په‌روه‌ری جێنده‌ری، پێشلێكردنی مافی ژنان و پێكدادانی تایفی و توندڕه‌وی ئاینی.
ئه‌وه‌ی بۆ من جێگای سه‌رنج بوو كه ئانترۆپۆلۆژیستی كوردیی كه‌نه‌دی (هێمن خه‌سره‌و )كه خه‌ڵكی هه‌ولێره، بیرۆكه‌ی كۆمیكی وه‌ك فۆرمێك له هونه‌ر بۆ گوزارشكردنی چیرۆكه‌كانی جه‌نگ به‌كارهێناوه، به‌وه‌ی، هاتووه ۆرك شۆپێكی كردۆته‌وه بۆ ده‌ربازبووانی داعش له شه‌نگال و موسڵ و خولی فێربوونی كۆمیكی بۆ كردوونه‌ته‌وه. ئامانجی ئه‌وه بووه كه بتوانن به‌ره‌نگاری تراومای جه‌نگ ببنه‌وه و و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌یان په‌ره پێبده‌ن. جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه گۆتێ ئینستیتوتی ئه‌ڵمانی هاوكاری و پشتگیری ئه‌م پرۆژه‌یه‌یان كردووه .
به‌دیوێكی تردا هونه‌رمه‌ندان و شاعیران و نوسه‌ران به شێوازی داهێنه‌رانه‌ی جیاواز به‌ره‌نگاری جیاكاری ئاینی و كه‌مایه‌تی بوونه‌ته‌وه. بۆنموونه شاعیرێكی وه‌ك ( جه‌میل ئه‌لجه‌میل) كه خه‌ڵكی (قه‌ره‌قوش) ی سه‌ر به نه‌ینه‌وایه، كۆبه‌رهه‌مێكی شیعری به زمانی عه‌ره‌بی و زمانه جیاوازه‌كانی تر بڵاو كردۆته‌وه كه نیشانده‌ری ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌یه كه ئه‌م ناوچه‌یه هه‌یه‌تی له نه‌ته‌وه و ئاینی جیاواز وه‌كو ( ئاشووری، كریستیان، كورد، كاكه‌یی، عه‌ره‌ب ، شه‌به‌ك و ئێزیدی ) به نیشاندانی جوانیه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان له نێوانیاندا.
ئه‌م كاره نزیك بوو له كاری هونه‌رمه‌ندێكی تره‌وه كه ئه‌ویش گۆتێ ئینستیتوت-سپۆتلایت ئێراق هاوكاری كردووه كه ناوی (نوور ئه‌لهودا فه‌ره‌ج) و له به‌سره‌ی باشووری ئێراقدا كه به ده‌ست توندڕه‌وی ئاینی و تێڕوانینی كۆنه‌پارێزانه بۆ ژن ده‌ناڵێنێت. نوور نمایشێكی شانۆیی هه‌یه به ناوی ( دوكانی لایستۆكه به‌كارهاتووه‌كان) و باس له فره ڕه‌هه‌ندی ده‌كات، به‌تایبه‌ت (ترس له نه‌زانراو) و ترس له‌ئه‌ویتر، هه‌روه‌ها پڕۆژه‌كه‌ی باس له‌وه‌ده‌كات كه چۆن خه‌ڵك فۆبیا دروستده‌كه‌ن له‌باره‌ی شتێكه‌وه كه نایناسن و به‌بێئه‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌ن لێی تێبگه‌ن حوكمی پێشینه‌ی به‌سه‌ردا ده‌ده‌ن.
كۆی ئه‌م كارانه‌ی چاودێریمان كردووه، پێمانده‌ڵێت كه؛ هه‌ر له كوردستانه‌وه تاوه‌كو به‌سره له باشووری ئێّراق، هونه‌رمه‌ندان به شێوازی داهێنه‌رانه و جوان كاردانه‌وه‌یان هه‌یه به‌رامبه‌ر كاره‌سات و جه‌نگه‌كان. ئه‌وه‌ی ئاشكرایه ئه‌وه‌یه كه بووژانه‌وه‌یه‌ك به‌دی ده‌كرێت له هونه‌ردا، به‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی نوێ له هونه‌رمه‌ند به‌ڕێوه‌ن كه ده‌یانه‌وێت ئه‌م چاپته‌ره ڕه‌شه له مێژووی وڵاته‌كه‌یاندا وه‌لا نێن.