هاندانی یه‌كسانی جێنده‌ری له‌ڕێگه‌ی به‌شداری هونه‌ریه‌وه له ژینگه‌كانی دوای جه‌نگدا
بۆ زۆربه‌مان كه له ژێر سایه‌ی ڕژێمێكی تۆتالیتاردا ژیاوین، زۆر ئاشكرایه لامان كه چۆن هونه‌ر وه‌ك پروپاگه‌نده بۆ ئاڕاسته‌كردن و ملكه‌چكردنی خه‌ڵك له جه‌نگی ناوخۆ و جه‌نگی نێوان دوو ده‌وڵه‌تدا به‌كارهێنراوه. هونه‌ر خراوه‌ته گه‌ڕ له‌خزمه‌تی كاریگه‌ری دانان و جۆشدانی خه‌ڵك به قازانجی سه‌كرده تۆتالیتاره‌كان. به‌هه‌مان شێوه‌یه هونه‌ر ده‌توانێت زۆر به‌هێزتر و مانادارتر له به‌ره‌نگاری ئه‌م قۆرخكردن و تاكتیكی هه‌یمه‌نه‌كردنه‌دا بوه‌ستێته‌وه، هه‌ربۆیه‌ش به‌رهه‌مهێنانی كولتوری وه‌كو؛ فیلم، شانۆ، موزیك، ڕۆمان و شیعر ئامڕازی به‌هێزن له ڕێكخستن و كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر خه‌ڵكێك كه‌به‌كارهێنراون و چه‌وساونه‌ته‌وه له چه‌ندین ده‌یه له ژێر سایه‌ی دیكتاتۆریه‌تدا.
Von هۆزان مه‌حمود
به‌دیوێكی تردا هونه‌ر ده‌توانێت فه‌زای تازه بۆ بیركردنه‌وه دروست بكات، داهێنان به شێوه‌یه‌كی گشتی ئامڕازێكی گرنگه له دروستكردنی هۆشیاری جێنده‌ری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نۆرمه كۆنه‌كانی سه‌ده‌كانی پێشتر. بێگومان هونه‌ر به‌ته‌نها خۆی گیراوه‌یه‌كی سیحری نییه بۆ نه‌هێشتنی هه‌موو كێشه‌كان و لابردنی توندوتیژی، به‌ڵام ده‌توانێت وه‌كو پلاتفۆرمێكی گرنگ، بۆ دروستكردنی دیالۆگ و تێگه‌یشتنی تازه و فۆرموله‌كردنی ڕاستیه‌كان كاریگه‌ری هه‌بێت. هه‌روه‌ها به‌هه‌مان شێوه ده‌توانێت به‌شدار بێت له هاڕمۆنیزه‌كردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی جێنده‌ر له ڕێگه‌ی ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخی سه‌پێنراو، ئه‌مه‌ش به ده‌ستبردن بۆ پرسی گرنگ سه‌باره‌ت به ژیان، خۆشه‌ویستی و ئازادییه كه‌سیه‌كان، ڕووده‌دات . بۆ نموونه، هونه‌رمه‌ندی كوردی-ئه‌ڵمانی (ساوات غالب) یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه گۆتێ ئینستیتوت-سپۆتلایت ئێراق هاوكاری پڕۆژه‌كه‌ی كردووه. له كورته فیلمه‌كه‌یدا ( ماچێك له به‌غداد) باس له ئازادی ده‌كات له كۆنتێكستی كۆمه‌ڵگه ترادیسیۆناله‌كاندا ، به‌وه‌ی ئه‌م كورته فیلمه باس له كوڕ‌و كچێك ده‌كات كه ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست نه‌بوونی ساتێك بۆ ئازادی و پێكه‌وه‌بوون و شوێنێكیان نییه بۆئه‌وه‌ی پێكه‌وه ماچێك بكه‌ن .
ڕاكێشانی سه‌رنج و دروستكردنی پرسیار له‌سه‌ر توندوتیژی له دژی ژنان ئاوڕدانه‌وه‌ی جیدی پێویسته، به‌تایبه‌ت كوشتن له ژێر به‌هانه‌ی نامووسدا، كه ئێستا فینۆمێنێكی كوشنده‌یه له ئێراقدا. هه‌ر بۆیه ( ڕێگه‌ی موسڵ) فیلمێكی درێژی (یه‌حیا عه‌للاق) فیلمسازی خه‌ڵكی به‌غداد كه سپۆتلایت-ئێراق هاوكاری كردووه، كار له‌سه‌ر ئه‌م پرسه گرنگه ده‌كات. ئه‌م فیلمه ( ڕێگه‌ی موسڵ) ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر چیرۆكی كوڕێكی مێردمنداڵ كه ده‌یه‌وێت دایكی خۆی بكوژێت چونكه پڕوپاگه‌نده بڵاوكراوه‌ته‌وه كه گوایه دایكی له‌گه‌ڵ داعشه‌كان جیهادی نیكاحی كردوه. ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه له‌و باوه‌ڕه‌دایه؛ كه فیلم هێزێكی گه‌وره‌ی تیایه بۆ گۆڕینی ژیانی مرۆڤه‌كان، هیواداره كه بتوانێت گۆڕانكاری دروست بكات له‌سه‌ر تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه بۆ پرسی شه‌ره‌ف و شه‌رم له‌ڕێگه‌ی فیلمه‌كه‌یه‌وه.
هه‌روه‌ها له فیلمی دوكومێنتاری ( ده‌رگای خۆرهه‌ڵات؛ حه‌رام) كه (هودا ئه‌ل كازمی) له به‌غداده‌وه له هه‌وڵی دروستكردنیدایه، باس له چیرۆكی سێ ژن ده‌كات كه له ده‌ستی خانه‌واده‌كانیان هه‌ڵدێن و له فه‌ڕه‌نسا ده‌گیرسێنه‌وه، به ئاواتی ئه‌وه‌ی كه ئازادی بدۆزنه‌وه و ژیانێكی باشتر پێكبهێن. به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌وێش خه‌ونه‌كانیان وه‌ك ژن به‌دی نایه‌ت و دووچاری ڕێگری و كێشه ده‌بنه‌وه. من پێموایه به له‌به‌ر چاوگرتنی توندوتیژی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی جێنده‌ری، ژنان زۆرتر له بازنه‌ی توندوتیژیدا ده‌گیرسێنه‌وه، كه ته‌نانه‌ت گۆڕینی شوێن فریاد ڕه‌س نییه. لێره‌وه گرنگه هونه‌رمه‌ند هۆشیاری و هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ڕۆڵی سه‌پێنراو له‌خۆیدا به‌رجه‌سته بكات. لێره‌وه كارێكی گرنگه وه‌كو به‌ره‌نگاریه‌ك له دژی كۆمه‌ڵێك نۆرمی به‌سه‌رچوو، ده‌ست بۆ نۆرمه نوێیه یونیڤێرساله‌كان ببرێت و كاری تێدا بكرێت.
ئه‌م جۆره كارانه هانی دیبه‌یتكردنی ئه‌و كێشانه ده‌دات ، كه هۆكار و سه‌رچاوه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ژنانن له‌سه‌رتاسه‌ری دونیادا. له ته‌واوی ئێراقدا ڕۆڵی ژن له كۆمه‌ڵگه‌دا به شێوه‌یه‌كی چه‌قبه‌ستوو نۆرمالیزه‌كراوه ، به جۆرێك كه وه‌كو چاره‌نوسێكی لێهاتووه كه ڕزگاربوون لێی مه‌حاڵ بێت. هه‌ربۆیه‌ش گرنگه كه هونه‌رمه‌ندان به‌تایبه‌ت پیاوان به تێكشاندنی كۆمه‌ڵێك نۆرم و په‌یوه‌ندی به كڵێشه‌كڕاوی جێنده‌ری، به‌ره‌نگاری پیاوسالاری و پیاوگه‌رایی ببنه‌وه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، موحه‌مه‌د شێروانی فیلم سازێكی تره، كه خه‌ڵكی هه‌ولێره و كورته فیلمه‌كه‌ی كه سپۆتلایت-ئێراق هاوكاریان كردووه، ته‌رخان كردووه بۆ تیشك خستنه سه‌ر ژیانی ئه‌و ژنانه‌ی كه هاوسه‌ره‌كانیان له جه‌نگی دژی داعشدا شه‌هید بوون. كورته فیلمه‌كه‌ی به‌ناوی ( چاوه‌ڕوان ده‌بم) له‌باره‌ی ژیانی خانمێكی گه‌نجه‌وه‌یه كه كارده‌كات و ئه‌ركی به‌خێوكردنی منداڵه‌كه‌ی له ئه‌ستۆیه. له‌هه‌مانكاتیشدا چاوه‌ڕوانی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌تی كه بگه‌ڕێته‌وه، چونكه بۆی سه‌خته باوه‌ربكات كه نه‌ماوه.
به‌دیویكی تردا، شێركۆ عه‌باس و هێمن حه‌مید كارێكی هاوبه‌شیان له‌سه‌ر نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر و ئه‌منه سوره‌كه‌ی سلێمانی كردووه. ئه‌وان ئه‌و هه‌وڵانه كێشه ساز ده‌كه‌ن كه قازانجێكی دیاریكراو له‌به‌رچاوده‌گرێت و یه‌كێكی تر فه‌رامۆش ده‌كات. شێركۆ له پرۆژه‌كه‌یدا به‌تایبه‌ت باس له گرنگی تیشك خستنه سه‌ر دۆزی ئه‌و ژنه زیندانیانه‌ی زه‌مه‌نی سه‌دام ده‌كات كه بێسه‌ر و شوێنن. له ڕێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی شاهیدی و یاده‌وه‌ریه‌وه فیلمێكی دوكومێنتاری به‌رهه‌مهێناوه به‌ناوی ( شایه‌تی شاهیده كاغه‌زییه‌كان) كه ڕه‌خنه‌گرتنه له‌و لایه‌نانه‌ی له پشت نۆژنكردنه‌وه و گۆڕینی ئه‌منه سووره‌كه‌وه‌ن بۆ مۆزه‌خانه. ئه‌و له‌و بڕوایه‌دایه كه مێژووی ئه‌و ژنانه‌یان سڕیوه‌ته‌وه، له‌وانه‌یه له‌به‌ر كێشه‌ی شه‌رم و شه‌ره‌ف بێت.
هاوته‌ریب هێمن حه‌مید له‌سه‌ر دۆزی هه‌شت سه‌د خانه‌واده‌ی ناو قه‌ڵای هه‌ولێر كاریكردوه ،كه له‌وێ گوێزراونه‌ته‌وه و قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌هۆی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵاوه بووه و گۆڕینی بۆ مۆزه‌خانه. هێمن له‌و باوه‌ڕه‌دایه؛ كه ئه‌مه دادپه‌روه‌رانه نییه، كه یاده‌وه‌ری و ئه‌زموونی ژیانی ئه‌و خێزانانه‌ی ساڵانێكی زۆره نیشته‌جێی قه‌ڵان له‌به‌رچاو نه‌گیرێت.
(ئه‌مین مقداد) موزیسیان ئامانجێكی هاوشێوه‌ی هه‌یه ده‌یه‌وێت له دژی (ونبوونی ژنان له فه‌زای گشتیدا) كارێك بكات. مقداد خه‌ڵكی به‌غداده و ئێستا ۆڕك شۆپێك ده‌بات به‌ڕێوه له موسڵ. كاتێك داعش دایان به‌سه‌ر موسڵدا ئه‌م له‌وێ گیریخوارد بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ. ته‌نها فریاد ڕه‌سه‌كه‌ی موزیك بوو، له دوای دۆڕان و ده‌ركردنی داعش، ئه‌مین بڕیاری دا وانه‌ی موزیكی كلاسێك بڵێته‌وه كه هه‌مان ژماره‌ی كوڕ و كچ به‌یه‌كسان له‌خۆ بگرێت. ئامانجی ئه‌و نمایشكردنی كۆنسێرتێكه له فه‌زای گشتیدا وه‌كو په‌یامێك بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی ئه‌و (ئاپارتایده جێنده‌رییه‌ی) كه داعش سه‌پاندبووی به‌سه‌ر موسڵدا و تارماییه‌كانی تا ئێستاش به‌دیده‌كرێن.
زۆر ئاشكرایه كه هونه‌رمه‌ندان و چالاكانی ئه‌م ناوچه‌یه له‌جاران زیاتر نیگه‌رانی پرسی جێنده‌ر و یه‌كسانی و دۆزی ژنن له‌ناوچه‌كه‌دا. غیابی درێژخایه‌نی ژنان له فه‌زای گشتیدا و له پڕۆژه هونه‌ریه‌كاندا به قووڵی هه‌ستی پێده‌كرێت و هونه‌رمه‌ندانی ژن و پیاو پێكه‌وه خوازیاری ئه‌وه‌ن ،كه گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دیبهێنن و و وزه‌یان ته‌رخان بكه‌ن بۆ دۆزی ژنان و هه‌وڵبده‌ن تێڕوانینی خه‌ڵك بگۆڕن و ژنان زیاتر له كاره هونه‌ریه‌كانیاندا به‌شدار بكرێن.
ده‌شبێت ئه‌وه بڵێین؛ كه دۆخی دوای جه‌نگ و كێشه‌كان ته‌نها ژماره‌ی كوژراوه‌كان و كێشه مرۆییه‌كان نییه كه به‌جێ ده‌مێنێن، به‌ڵكو ئه‌و كێشه نوێیانه‌ن كه دێنه پێش، ئه‌و فۆرمه تازانه‌ن له توندوتیژی دوای جه‌نگ دێنه كایه‌وه و له‌دایكده‌بنه‌وه. به‌تایبه‌ت، له په‌یوه‌ست به ژنه‌وه كه یه‌كه‌مین قوربانییه‌كانی هه‌موو جه‌نگه‌كانن. هه‌ربۆیه ڕۆڵی فه‌نده‌ر و ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی وه‌كو گۆتێ ئینستیتویت-سپۆتلایت گرنگه، به‌وه‌ی كه هاوكاری هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان بكه‌ن بۆ هاندانی یه‌كسانی جێنده‌ری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ستریۆتایپ و سێكسیزم و نۆرمه كۆنه‌كان. له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌م پاڵپشتیه‌ی گۆتێ ئینیستوت گرنگه بۆ شكاندنی سنووره كۆنه‌پارێزه‌كان، له‌پێناو دروستكردنی په‌یوه‌ندیه‌كی دروست له‌نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زدا.
له دواجاردا ئێراق و كوردستان تا ئێستاش له چه‌ند ده‌یه‌ی جه‌نگ و توندوتیژی و دیكتاتۆریه‌ت و تیرۆریزم ڕزگارنه‌بوون. لێره‌وه هونه‌ر و كو‌لتور هێزی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه خه‌ڵك كۆبكه‌نه‌وه و به‌شداریه‌كی هۆشیارانه بكه‌ن له‌سه‌ر پرسی دادپه‌روه‌ری جێنده‌ری، پێكه‌وه ژیان و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی.