هێمن خه‌سره‌و
پڕۆژه‌ی كۆمیك له شه‌نگال
هێمن خه‌سره‌و ته‌مه‌نی چل و یه‌ك ساڵه، له دایكبووی شاری هه‌ولێره. هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ره له بواری سۆسیۆلۆژی و ئه‌نترۆپۆلۆژی (زانكۆی سایمۆن فرایزه‌ر - ڤانكۆڤه‌ر - كه‌ندا ) و له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی (ئاڕت ماتیكا) ی كه‌نه‌دی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و ئێراق كارده‌كات.
(كۆمیك له شه‌نگال) ناوی پڕۆژه‌كه‌ی هێمن خه‌سره‌وه، كه ده‌یه‌وێت كۆمیك وه‌ك فۆرمێك له هونه‌ر به‌كاربهێنێت بۆ كاركردن له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه و دروستكردنی زانستی به‌ره‌نگاری تراوما. هه‌مان بیرۆكه له مانگی یه‌كی ساڵی ٢٠١٩دا بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی (شاری موسڵ) دا ئه‌نجامدرا و سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا.
له ئێستادا هێمن كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه هه‌مان بیرۆكه له (شاری شه‌نگال) جێبه‌جێ بكات. هه‌رچه‌نده شه‌نگال دۆخێكی قورسی هه‌یه، وێرانه و زۆرێك له خه‌ڵك نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه توانا و وزه‌ی گه‌وره‌یان تێدایه بۆ دووباره بونیادنانه‌وه‌ی ژیانێكی نوێتر له‌شه‌نگال. بێگومان شه‌نگال له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و عه‌سكه‌ریه‌وه له ئێستادا زۆر ئاڵۆزه. چونكه سێ شه‌به‌نگی مه‌زهه‌بی تێدا ده‌ژی؛ ئێزیدی و سوننه و شیعه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌كداری لایه‌نه جیاوازه‌كانیش له‌وێدا جێگیرین.
هێمن ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی ئه‌م ۆرك شۆپه‌وه كه‌ناڵێكی گفتوگۆكردن بكاته‌وه له‌نێوان كه‌سه جیاوازه‌كاندا. به‌شداربووان هه‌ڵگری پاشخانی ئاینی و كولتوری جیاوازن و له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ۆرك شۆپه‌وه ده‌توانن دیالۆگێكی كۆمنیكاتیڤانه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بكه‌ن. هێمن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كات كه له ۆرك شۆپه‌كاندا به‌تایبه‌ت ئه‌و پرسانه بێنه سه‌ر ئاستی دیالۆگ كه گوزارشه له كێشه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی خودی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ببێته هۆی ململانێیه‌كی نه‌رم و دیالۆگ ئامێزانه. بێگومان مه‌به‌ست له‌و دیالۆگه ئه‌وه‌یه به ڕیتمێكی هێمن ئه‌و كێشانه‌ی هه‌ن بێنه سه‌ر ئاستی ده‌ربڕین و كۆی پرۆژه‌كه‌ش گوزارش بێت له‌وه‌ی كێشه‌كان له ڕێگه‌ی گفتوگۆ كردنه‌وه پێناسه‌بكرێن و هه‌وڵی چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه. ده‌شبێت ئه‌وه بڵێین كه هێمن نایه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه ژیانی به‌شداربووان بكه‌وێته مه‌ترسیه‌وه و پڕۆژه‌كه داخراوه و پڕ متمانه‌یه.
هێمن ده‌یه‌وێت به‌شداربووانی ئه‌م دیالۆگه له سه‌دا حه‌فتای مێینه بن، بۆئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ۆرك شۆپانه‌وه به شێوه‌یه‌كی ئاسان فێری میتۆدی بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی بن. بێگومان هۆكاری گرنگیدان به ڕه‌گه‌زی مێینه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ژنان هه‌ڵگری هزری ڕه‌خنه‌یی نه‌بن، بێگومان هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌وسانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ژنان له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ته‌نانه‌ت ئه‌و ژنانه‌شی كه ده‌بنه چالاكه‌وان هه‌ژارن له‌ڕووی بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی له چوارده‌وروبه‌ر و نه‌ریته دواكه‌تووه‌كان و ژنان توانای به‌ره‌نگاری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ربه‌سته نه‌ریتخوازانه‌یان نییه كه كۆمه‌ڵگه به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێن. كۆی كۆنسێپتی ئه‌م پرۆژه‌یه جه‌خت له‌وه ده‌كات؛ كه میتۆدێك بێت بۆ به‌هێزكردنی كه‌سایه‌تی مێینه له بواری بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی و ئاڕاسته‌كردنی ڕه‌خنه به‌ره‌و چالاكی جۆراۆجۆری ئازادانه.
میتۆدی پرۆژه‌كه
بۆئه‌وه‌ی زۆرترین كات بدرێته كه‌سه‌كان له‌م كۆرسه‌دا به‌شداربووان له پانزده كه‌س زیاتر نییه و ته‌مه‌نیشیان له‌نێوان نۆزه‌ده تاوه‌كو بیست و پێنج ساڵ ده‌بێت و ۆرك شۆپه‌كه پێنج تا شه‌ش ڕۆژ ده‌خایه‌نێت. به‌شداربووان ئازادن له‌وه‌ی به گروپ یان تاك كاربكه‌ن و له ماوه‌یه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و ئامڕازانه ڕاده‌هێنرێنن كه بۆ كاره‌كه پێویسته. هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی ئه‌م ۆرك شۆپانه‌وه به‌شداربووان فێرده‌كرێن كه چۆن ورده‌كاریه‌كانی ژیانیان بكه‌نه چیرۆك له‌شێوه‌ی وێنه‌ی كۆمیك كێشان و دواتر فێرده‌كرێن كه چۆن چیرۆكه‌كانیان پابه‌ند بكه‌ن به‌ژیانی ده‌وروبه‌ریانه‌وه. ئه‌وه خۆیان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن و خۆیان چیرۆكه‌كان هه‌ڵده‌بژێرن.كۆنسێپتی هونه‌رمه‌ند له‌م كاره‌دا
هێمن خه‌سره‌و له‌م و ۆرك شۆپانه‌دا ده‌یه‌وێت ئه‌كادیمیا و هونه‌ر له ڕێگه‌ی كۆمیكه‌وه بباته سه‌ر شه‌قام و ناوجه‌رگه‌ی كێشه‌كان، نه‌ك گوزه‌راندنی هه‌موو كاته‌كانی بۆ نوسینێك یان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بێت و ته‌نها كه‌سانێكی دیاریكراو بیبینن. لای هێمن گرێدانی ئه‌كادیمیا به ژیانی ڕۆژانه و دروستكردنی گۆڕانكاری ئامانجی ئه‌م كاره‌یه. هێمن ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی كاری هونه‌ری و كۆمیكه‌وه و له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی شه‌نگالیه‌كانه‌وه، هاوكاریی ده‌ربازبووانی كاره‌ساتی شه‌نگال بكات بۆ بونیادنانی ڕۆحی به‌ره‌نگاری له دژی تراوما و باره ده‌روونیه نێگه‌تیفه‌كان. گرنگیدان به دروست كردنی ئاماده‌گی له مرۆڤه‌كاندا بۆ گۆڕانكاری له ژیانی خۆیاندا چه‌قی مێتۆدی كاركردنی هێمن خه‌سره‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی نێو كۆمه‌ڵگه و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه و زانستی به‌ره‌نگاری تراوما و باره ده‌روونیه‌كان له ڕێگه‌ی كاری هونه‌ری و كولتوریه‌وه ده‌توانێت به‌شێك بێت له زاڵبوون به‌سه‌ر باره‌ده‌روونیه‌كانی مرۆڤ له‌كاتی جه‌نگه‌كاندا.هێمن له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه مرۆڤ توشی ڕه‌شبینی ده‌بێت و هه‌ستده‌كات ته‌نهایه له‌و دۆخه‌دا، به‌ڵام كۆمیك و فۆرمه‌كانی تری هونه‌ر ده‌توانن ببنه هۆكارێك بۆ نیشاندانی ورده‌كاری و به‌ریه‌ك كه‌وتنه‌كانی مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ جه‌نگه گه‌وره‌كان و كێشه‌كانی ژیانی ڕۆژانه. لێره‌وه كاركردن له‌سه‌ر زانستی به‌ره‌نگاری تراوما ئه‌وه‌یه ؛ كه مرۆڤه‌كه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی خۆی، خه‌و، خواردن، خواردنه‌وه ، ژینگه، پله‌ی گه‌رما و خه‌ون بینین و زۆر شتی تر ڕابێت و ئاشت بێته‌وه..
هێمن ده‌یه‌وێت له‌نێو ڕووداوه گه‌وره‌كاندا له‌گه‌ڵ ورده‌كاریه‌كاندا كاربكات و هونه‌ر بكاته بناغه‌یه‌ك بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی تاكه‌كان له‌گه‌ڵ خۆیان و ده‌وروبه‌ردا.