موحه‌مه‌د شێروانی //هه‌ولێر
فیلمی چاوه‌ڕێت ده‌بم
موحه‌مه‌د شێروانی دانیشتووی شاری هه‌ولێره و سه‌ره‌تا له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان له هه‌ولێر موزیكی خوێندووه و پاشان له كۆلیژی هونه‌ر سینه‌مای خوێندووه. له‌دوایدا چۆته توركیا بۆ خوێندن و له‌وێ له‌بواری سینه‌ما و ته‌لفیزۆن ماسته‌ری به‌ده‌ستهێناوه و ئێستاش خاوه‌نی كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی فیلم و دراما (سینا كورد) ه و به‌رده‌وامه له‌كاری نوسینی سكریپت و فیلمسازی.
هه‌ولێر شاری منداڵی و گه‌وره‌بوون و ژیانی شێروانیه و ئه‌و ده‌ڵێت؛ هه‌ولێر شارێكه ته‌مه‌نی زیاتر له حه‌وت هه‌زار ساڵه و له‌دێر زه‌مه‌نه‌وه ئه‌مشاره جه‌نگ له‌دوای جه‌نگی به‌خۆیه‌وه بینیووه و كه‌م هه‌بووه ئه‌مشاره پشووبدات، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ده‌ی بیست ویه‌كیشدا داعش ده‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ ئه‌مشاره و ڕۆڵه‌كانی له‌و شه‌ڕه‌دا ده‌كوژرێن و ونده‌بن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م مێژووه ده‌وڵه‌مه‌نده ئه‌وا هونه‌ر به‌پێی پێویست له‌م شاره‌دا گرنگی پێ نه‌دراوه و ته‌نانه‌ت به‌پێی پێویست ئاوڕ له‌مه‌سه‌له كولتورییه‌كانی ئه‌مشاره‌ش نه‌دراوه‌ته‌وه. هونه‌ری فیلمسازی به‌ده‌ست ئه‌قڵیه‌تی ته‌قلیدی هونه‌ری نه‌وه‌ی پێشوو ناتوانێت له‌كێشه‌كانی سه‌رده‌می نه‌وه‌ی نوێ تێبگات و گه‌نجانی هونه‌رمه‌ند له‌م شاره‌دا زیاتر پێویستیان به‌ئاڕاسته‌كردن و گرنگیپێدان هه‌یه.
فیلمی چاوه‌ڕێت ده‌بم
ئه‌م فیلمه باس له‌ژیانی ژنێك ده‌كات ناوی (سوهه‌یله‌یه) و مێرده‌كه‌ی كه پێشمه‌رگه بووه له شه‌ڕی داعشدا كوژراوه و له‌گه‌ڵ منداڵه تاقانه‌كه‌یدا یه‌ك باڵ كه‌وتۆته‌وه. سوهه‌یله ژیانێكی سه‌خت له خانه‌یه‌كدا (شوقه) ده‌ژی و ده‌بێت منداڵه‌كه‌ی به‌رێت بۆ لای خێزانێكی دیكه بۆئه‌وه‌ی ئاگایان لێی بێت و چاودێری بكه‌ن، چونكه ئه‌و ده‌بێت بژێوی خۆی به‌ده‌ستبهێنێت و بۆئه‌وه له ڕیستۆڕانتێك كارده‌كات. فیلمه‌كه ده تاوه‌كو دوانزه خوله‌كه و لۆكه‌یشنی سه‌ره‌كی له‌هه‌ولێره و به‌تایبه‌ت له‌شوقه‌كه‌ی (سوهه‌یله) و ده‌كرێت چه‌ند دیمه‌نێكی شاخاویی تێدا بێت له‌ناوچه سارده‌كاندا و شوێنێكی دیكه ئه‌و ماڵه‌یه كه سوهه‌یله منداڵه‌كه‌ی بۆ ده‌بات بۆ ئاگالێبوون و هه‌روه‌ها ئه‌و ڕیستۆرانه‌تی ئه‌و كاری تێدا ده‌كات.موحه‌مه‌د شێروانی ده‌ڵێت؛ ژیانی سوهه‌یله به‌ته‌نها منداڵێكه‌وه وه‌ك بێوه‌ژنێك ڕه‌مزه بۆ ژیانی هه‌زاره‌ها ژن له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا كه هاوسه‌ره‌كانیان له‌شه‌ڕی داعشدا كوژران و ونبوون و نه‌گه‌ڕانه‌وه. گه‌ر سوهه‌یله له‌م فیلمه‌دا ته‌نها منداڵێكی هه‌بێت، ئه‌وا سه‌ده‌ها ژن هه‌یه كه چه‌ندین منداڵیان به‌سه‌ردا كه‌وتووه به‌ناچاری له‌ماڵه خه‌زوورانیان ده‌ژین و له‌وێ ناتوانن ژیانێكی تازه ده‌ستپێبكه‌نه‌وه. ژنان له‌وێ جگه له‌درێژه‌پێدانی ژیان له‌پێناو گه‌وره‌كردنی منداڵه‌كانیان له‌ژێر بنمیچی نه‌ریته كۆمه‌ڵاتیه كۆنه‌پارێزه‌كان چاری تریان نییه و ناتوانن جارێكی‌تر ژیانێكی دیكه‌ی هاوسه‌رگیری پێكبهێننه‌وه.
(سوهه‌یله) نمونه‌ی ژنی كورده كه خه‌باتده‌كات بۆ ژیان له‌پێناو ئه‌وه‌ی خۆی و منداڵه‌كه‌ی دوور له‌ماڵه خه‌زووران و باپیرانی به‌سه‌ربه‌ستی بژین. لێره‌دا دواكه‌توویی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان جه‌نگێكی دیكه‌یه كه جه‌نگێكی دووهه‌می نه‌بینراوه و ژنان هه‌موو ڕۆژێك له‌م جه‌نگه‌دا ئازار ده‌كێشن و خه‌باتده‌كه‌ن و كه‌سیش ئاوڕیان لێ ناداته‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه شێروانی ده‌ڵێت؛ من فۆكۆس ناخه‌مه سه‌ر به‌ره‌ی جه‌نگی یه‌كه‌م كه شه‌ڕی داعشه، به‌ڵكو كار له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه‌ی دیكه ده‌كه‌م كه سه‌ره‌ڕای كۆتایی جه‌نگی بینراو و ڕاسته‌قینه، ئه‌و گۆڕه‌پانه نه‌بینراوه و جه‌نگه‌كه‌ی به‌رده‌وامه، كه ئه‌ویش جه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌یه له دژی ئه‌و ژنانه‌ی مێرده‌كانیان له شه‌ڕدا كوژراون و ته‌نیا كه‌وتوونه‌ته‌وه و چاوه‌ڕه‌ێی فریادڕه‌سێكن كه نایه‌ت.
پشتخانی ئه‌م فیلمه
ژیانی سه‌ختی شێروانی و خه‌باتی دایكی بۆ پێگه‌یاندنی ئه‌وان له‌پێناو پاشه‌ڕۆژێكی ڕوون ئیلهامبه‌خشی زۆربه‌ی كاره‌كانی موحه‌مه‌د شێروانی فیلمسازن. خه‌باتی ژنان له پێناو گه‌وره‌كردن و په‌روه‌رده‌ی منداڵانیان له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا خه‌باتێكه شێروانی به‌سه‌رسامیه‌وه لێی ده‌ڕوانێت وده‌ڵێت؛ هه‌تا له‌ژیاندا مابم من فیلم و كارده‌كه‌م بۆ ژنان و خه‌باتی مه‌زنی ئه‌وان له ژیاندا. هه‌ر بۆیه زۆر كه‌س ڕه‌خنه‌م لێده‌گرن و گوایه من ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ناشرین ده‌كه‌م و به دواكه‌وتوو نیشانیانده‌ده‌م. منیش ده‌ڵێم؛ ئه‌وه‌ی نیشانیده‌ده‌م واقیعی ژیانی ژنانه له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا، هه‌ر چۆن له‌فیلمدا پاڵه‌وان هه‌یه، ئه‌وا دژه پاڵه‌وانیش هه‌یه. من چۆن پاڵه‌وانه‌كه نیشانده‌ده‌م ده‌بێت ئاوه‌ها دژه پاڵه‌وانه‌كه‌ش نیشانده‌ده‌م كه دواكه‌توویی و نه‌ریته موحافزكاره‌كانن كه‌ته‌گه‌ره‌ن له‌به‌رده‌م ژیانێكی نوێ بۆ ژنان...له‌فیلمی (چاوه‌ڕێ ده‌بم) سوهه‌یله نمونه‌ی ئه‌و ژنه پاڵه‌وانه‌یه كه ڕه‌مزه بۆ چیرۆكی سه‌دان ژن كه مێردیان كوژراوه و خه‌باتده‌كه‌ن بۆ منداڵه‌كانیان ئیدی چۆن سوهه‌یله پاڵه‌وانه له‌م فیلمه‌دا، ئه‌وا خاوه‌ن ڕیستۆڕانه‌كه‌ش دژه پاڵه‌وانێكه كه نوێنه‌ری دواكه‌توویی و به‌ها كۆنینه به‌سه‌رچووه‌كانی دژه ژنییه.