سەرکەوتنی خێرا:

ڕاستەوخۆ بازدان بۆ ناواخن (Alt 1) ڕاستەوخۆ بازدان بۆ ناڤیگێیشن (ڕێبەر) (Alt 2)

یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە بەسڕە- خاڵێکی دەستپێک بۆ کردنەوەی مەودای زیاتری کلتووری لە شارێکی فەرامۆشکراودا

لەگەڵ کرانەوەی یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە بەسڕە لەلایەن دەزگای چاپی ئەلمەداوە، مەودایەکی کلتووری و داهێنەرانە لەبەردەم دانیشتوانی شارەکەدا کراوەتەوە کە ماوەیەکی زۆر بوو بوونی نەبوو. لەم پێشانگایەدا چەندین پانێلی وتووێژ پێشکەش کران، لەناویشیاندا پانێلێکی پەیمانگای گۆتەی عێراق لەسەر وەرگێڕانی ئەڵمانی-عەرەبی شان بە شانی تێکەڵەیەکی هەمەجۆری نووسەران و ڕۆشنبیرانی عێراق و پانێلێکی 'تەنها-ئافرەتان' پێشکەشکرا. ئەم پێشانگا پڕجمە و جەمە دەرخەری ویست و پێویستیی بەسڕەیە بە مەودای فراوانی کلتووریی کراوە.

 

Diskussion auf der Buchmesse in Basra Khaled Tawfik © Goethe-Institut Irak هەرچەندە ئەم شارە خاوەن بەندەرەی باشووری عێراق سەنتەری دەوڵەمەندترین پارێزگایە لەڕووی سامانی نەوتیەوە، بەڵام حاڵی شارەکە پەرێشانە.  تا ئێستاش پاشماوەی کەشتیی جەنگیی ژێرئاوکەوتووی بەجێماوی یەکەمین جەنگی کەنداو (١٩٨٠-١٩٨٨) و دووەمین جەنگی کەنداوی پاش ئەو (١٩٩١) لەناو ڕووباری دیجلە و فوراتدا بەرچاو دەکەون کە هەر لەم شارەدا دەڕژێنە ناو شەتولعەرەبەوە. سەرەڕای ئەمەش د. عادل کە شوێنەوارناسێکی زانکۆی بەسڕەیە پێی ڕاگەیاندین کە بەسڕە لەم ساڵانەی دواییدا لەڕووی هونەر و کلتوورەوە لە بووژانەوەدایە. سەرەڕای ئەوەی یەکێتیی هونەرمەندان و موزیسیانان لە بەسڕە لەژێر هەژموونی پارتە سیاسیەکاندا بوو، بەڵام ئێستا کێشە کلتووریەکان لە کێشە سیاسیەکان جیا کراونەتەوە و ئەمەش مانای ئەوەیە کە کلتوور مەیدانێکی فراوانتری لە بەسڕە لەبەردەستدایە. ئەمانە چەند وتەیەکی تری د. عادل بوون لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە بەسڕە کە بەڕای ئەو کرانەوەیەکی کلتووریە لە بەسڕە.

لەڕاستیدا ئەم پێشانگایە لەڕووی ژمارەی سەردانیکەرانەوە سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد. بەپێی مەزەندەی ئەلمەدا ڕۆژانە نزیکەی ٣٠٠،٠٠٠ میوان سەردانی پێشانگاکەیان کردووە. ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ هەوڵی دەزگای چاپی ئەلمەدا دەگەڕێتەوە کە ڕێکخەری پێشانگای کتێبەکەی بەسڕە بوون. فەخری کەریمی دامەزرێنەری ئەلمەداش لە پانێڵەکاندا لەناو ئامادەبوواندا دانیشتبوو و دڵخۆشبوو بە بەرهەمی ماندووبوونی ئەلمەدا لە پێشانگاکەدا. فەخری کەریم خۆی خەڵکی عێراقە و ئەلمەدای لە تاراوگە لە ساڵی ١٩٧٠دا دامەزراندووە. ئەم دەزگایەش ١٥ ساڵە لە عێراق چالاکە و بۆ یەکەمین جار پێشانگای نێودەوڵەتیی کتیبی لە هەولێر سازکرد، پاشان یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی لە بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٠ و یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی لە بەسڕە لە ساڵی ٢٠٢١ سازکرد. دەزگای ئەلمەدا لە ١٧ وڵات ئامادەگیی هەیە و تا ئەمڕۆکە زیاد لە ٦٠٠،٠٠-٧٠٠،٠٠ کتێبی لەچاپداوە.
 
  Buchmesse in Basra Khaled Tawfik © Goethe-Institut Irak
سەرکەوتنی ڕێکخراویی پێشانگای کتێبی بەسڕە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ ماندووبوونی کارمەندانی ئەلمەدا دەگەڕێتەوە، کە پلانەکانی پێشانگاکە ڕێکدەخەن و مایکرۆفۆن و زانیاریە گرنگەکان بۆ قسەکاران ئامادە دەکەن. یەکێک لەم کارمەندانە گەنجێکی بەغداد بوو بەناوی فاتیمە جیهادەوە کە بەشێوەیەکی توند بەڵام پڕ لەخۆشەویستی ڕێنمایی بە هاوکارانی دەدا. "من پێم خۆشترە چالاک بم و ئەنجامی کارەکەم ڕاستەوخۆ ببینم وەک لەوەی کارێکی سیمبۆلیم هەبێت." فاتیمەش کە ٦ ساڵە بۆ ئەلمەدا کاردەکات بەم قسەیەی خۆی لە کاری سێکتەری حکومی پەراوێز دەخات کە تەنها ئامانج لێیان بەسەربردنی سەعاتەکانی کارکردنە.

لەم پێشانگایە زۆرجار هەندێک ستاند دەبینین کە تیایاندا کتێب و ڕۆژنامە پێشکەش بە ئامادەبووان دەکرێت. فاتیمە پێی ڕاگەیاندین کە ئەوە پرۆژەی "کتێبی خۆڕایی" ئەلمەدایە کە ئامانج لێی گەیاندنی ئەدەب و سەرچاوەکانە بە خەڵکی زیاتر. ئەو کتێبەی کە ئەمجارە بڵاو دەکرێتەوە زۆرتر نووسەرانی بەسڕەی تێدایە وەکو موحەممەد خوضەیر (لەدایکبووی ١٩٤٢) کە زۆرتر بە چیرۆکەکانی و یاداشتەکەی لەسەر بەسڕە "بەسڕەیاضە" ناسراوە.

.
  Buchmesse in Basra Khaled Tawfik © Goethe-Institut Irak

هەرچەندە لێرە زۆرتر گرنگیی بە کلتووری ناوچەیی دەدرێت لە بەسڕە، ئەلمەدا دەزگایەکی چاپی جیهانیە و لە لەندەن و فرانکفۆرت نووسینگەی هەیە. سەرەڕای ئەوەش ئەلمەدا یەکەم دەزگای بڵاوکردنەوەی عەرەبیە کە ڕێز لە یاساکانی فرۆش و مافی چاپ و بڵاوکردنەوە بگرێت و پابەندی بەندەکانی بێرن بێت بۆ پاراستنی کاری هونەری و ئەدەبی (١٨٨٦). هیوای ئەلمەدا ئەوەیە کە ئەم پێشانگا نێوەدەوڵەتیە ببێتە هەوێنی چەندین کار و ئیڤێنتی کلتووری تر. فاتیمەش وتی وەبەرهێنانێکی مەزنیان لێرەدا کردووە چونکە هەر هۆڵی پێشانگاکە خۆی پێشتر زۆر داڕووخاو بوو. ئەلمەداش ١٥،٠٠٠ دۆلاری تەنها لە ڕازاندنەوەی ئەم هۆڵەدا خەرجکردووە تاکو بەها و گرنگیی ئەدەب پیشانبدرێ و ئامادبووان هەست بە ئارامی بکەن.

هەر بەم هۆیەشەوەیە کە زەهرای خوێندکار و سەردانیکەری پێشانگاکە دڵشاد بوو بە ئامادەبوونی: "دڵخۆشم بە ئامادەبوونم لەم پێشانگایە و وەکو کەسێکی خەڵکی بەسڕە هەست بە شانازی دەکەم. ئەم پێشانگایە لێرە بەڕاستی ڕووداوێکی مەزنە بۆ ئێمە." بەڵام سەرەڕای ئەوەش چەند ڕەخنەیەکی هەبوو: "بێگومان گەر تەنها بابەتەکە کڕین و وەرگرتنی کتێب نەبووایە بەشێوەیەکی سەرەکی، خۆشتر ئەبوو. پێم باشتر بوو کە ببوایەتە مایەی بەریەککەوتن و بیروڕا گۆڕینەوە لەنێوان ئامادەبوواندا." بۆیەش زۆربەی کاتەکانی بە دانیشتن و گوێگرتن بۆ پانێلەکان بەسەردەبات: "لە سەروو هەموو شتێکەوە، من هیوادارم گرنگیی هونەر و کلتوور و ئەدەب لە بەسڕەدا جارێکی تر گەشە بکات و مەودای زیاترمان هەبێت بۆ وتووێژ و ڕاگۆڕینەوە."